بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجە و مووچە سەردانی بەغدا بکات.
لەوبارەوە پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاندبوو، بابەتی یاسای بودجە تەوەری سەرەکی گفتوگۆی شاندی هەرێم و حکومەتی عێراق دەبێت.
ڕاشیگەیاندبوو، “هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێکردووە و چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکەین”.
وتیشی: “مووچەی فەرمانبەران ئەولەوییەت دەبێت لەکاتی گەیشتنی بودجە لە بەغداوە”.
ئاماژەی بەوەشدا “سەرۆکوەزیران لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راسپاردووە، بۆ ئەوەی هەموو هاوکارییەکی تیمە تەکنیکییەکانی عێراق بکەن و هیچ پرسیارێکیان بەبێ وەڵام نەمێنێتەوە”.