سكرتێری گشتیی كۆچكردووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ رازیكردنی سەرۆك بارزانی بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە تەنیا دەچێتە هاوینەهەواری سەڵاحەدین و بە سەرۆك بارزانی دەڵێت، ئەگەر بە وەرگرتنی ئەو پۆستە رازی نەبێت، ئەوا واز لە پۆستی سەركۆماری عێراق دەهێنێت.
سەرۆك بارزانی لە لاپەڕە ١٨٧ تا ١٩٣ی بەرگی شەشەمی زنجیرە كتێبی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)، باس لە سەردانێكی جەلال تاڵەبانی لە ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ٢٠٠٥ بۆ هاوینەهەواری سەڵاحەدین دەكات كە ”بە تەنیا و بەبێ ئەندامانی سەركردایەتی“ی حزبەكەی سەردانەكەی كردووە و داوای كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لە سەرۆك بارزانی كردووە.
سەرۆك بارزانی لە كتێبەكەیدا ئاشكرای كردووە: ”لە كۆبوونەوەكەدا مام جەلال بە تەواوی و ڕاشكاوانە قسەی دڵی بۆ گێڕامەوە كە ناوەڕۆكی قسەی مام جەلال ئەمانە بوون:
– هاتووم و ناگەڕێمەوە تا بەڵێنی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانم پێ نەدەیت. سوێندی خوارد ئەگەر بە پۆستی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان ڕازی نەبم، ئەویش ناچێتە بەغدا و واز لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق دێنێت. مام جەلال پێداگرییەكی زۆری كرد، منیش پێم ڕاگەیاند دواتر وەڵامت دەدەمەوە، ویستم هەموو قسەكانی ناو دەروونی خۆی بكات و ناخی هەڵڕێژێت، چونكە دیار بوو زۆر دڵگران و غەمبار بوو بەدەست برادەرانیەوە.
– ڕاشكاوانە باسی لە كێشە و ناكۆكییەكانی ناو یەكێتی كرد و گوتی ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی تووشی هیستریا بوون.
– پێم گوتوون كە هەرچی لە دەستتان هات دژی من و هێرۆ و منداڵەكان و كەسوكارەكانم كردتان، هەرچی قسەی نەشیاوە كردووتانە و تەنانەت ئەوەی لە دەستتان هاتووە لە دژی ئیبراهیم ئەحمەد لەناو گۆڕیشدا درێخیتان نەكرد.
– ئەوەی ئێستا ڕوودەدات و ئێوە دەیكەن قەبووڵ ناكرێت و كارەساتی لێ دەكەوێتەوە.
– بە ئەندامانی سەركردایەتیم ڕاگەیاند، ساڵی ١٩٦٤ هەڵەیەكم كرد و دووبارەی ناكەمەوە، پێیان گوتم بۆیە پشتگیریمان ناكەیت چونكە مەلا مستەفا بە سكرتێری پارتیت هەڵدەبژێرێت.
– من لەگەڵ كۆنفڕانسی ماوەت نەبووم و لەگەڵ (ڕێككەوتنی بارزانی – موشیر ئاشتی، یان خۆبەدەستەوەدان) نەبووم، بەڵام هەڵەكەم ئەوە بوو كە لەگەڵ زۆرینەی مەكتەبی سیاسی ڕۆیشتم.
– ئێستاش لە هەموو بابەت و پرسەكاندا پشتگیریتان دەكەم و هاوڕام لەگەڵتان، جگە لە دژایەتیكردنی پارتی و تێدانی نێوان من و مەسعود بارزانی.
– ئەوە وەهم و خەیاڵە كە دەڵێن پارتی، یەكێتی قووت دەدات، یان مەسعود بارزانی تۆڵەمان لێ دەكاتەوە، ساڵی ١٩٩١ سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو، ئایا كەسی خوارد.؟ تەنانەت زیاتر لایەنگری یەكێتی بوو تا پارتی.
– ئێستاش ئیستقالە و وازهێنانەكەم نووسیوە و دانەیەك لە لای كامەران قەرەداغی و دانەیەكیش لای كۆسرەت ڕەسووڵە، بەڵام دیارە تا ئێستا نیشانتان نەدراوە، وازهێنانەكەشم دژی هەڵوێستەكانتانە، بۆ ئەوەی پارتی هەست نەكات كە قۆڵم بڕیون.
– ئێوە داوا دەكەن ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ نۆ مانگ بێت، شەرمەزار دەبین، چونكە بارودۆخی كوردستان زۆر جیاوازە لە بەغدا. ئێوە نیگەرانن لە تۆڵەكردنەوە لەلایەن مەسعود بارزانییەوە، كەچی مەسعود بارزانی سزای پارتی نادات، چ جای بگاتەسزادانی یەكێتی.
– ئەندامانی سەركردایەتی پرسیاریان كرد كە چ گەرەنتییەك هەیە لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستاندا، مەسعود بارزانی نەبێتە دژی یەكێتی، منیش پێم گوتن من گەرەنتی دەكەم، من ئەخلاق و رەوشتیان دەناسم و دەزانم، بێئەمەكی لەگەڵ كەسدا ناكەن.
– دواتر بەسەرهاتێكی عەونی یوسفم بۆ گێڕانەوە، كە جارێكیان لای لوتفی بەكر سدقی بانگهێشت كرابوو، زۆر لایەنگری مافەكانی كورد بوو، بەڵام عەونی هێندەی هێنا و برد (ئەمە ئاوی پاك و زوڵاڵی كوردستانە، ئەم میوەیە بەرهەمی كوردستانە و …هتد)، كابرا تاقەتی لێ بڕابوو، گوتی: (انعلا ابوك لا ابو كوردستان اش دعوة ثخنتها)، ئێوەش بابەتەكە درێژ دەكەنەوە و كاك مەسعود ناچار دەكەن هەمان قسەتان پێ بڵێت.
– نەوشیروان مستەفا تووشی شكست بووە و هەوڵ دەدات بە ناوی بەرگری لە یەكێتی، هەموو شتەكان تێك بدات.
– ئەم ئەندامانەی سەركردایەتیی یەكێتی بە تەواوی لەگەڵ مندان، كۆسرەت ڕەسووڵ، عومەر فەتاح، ئەرسەلان بایز، عیماد ئەحمەد، عەدنان موفتی، جەلال جەوهەر، دكتۆر فوئاد، د. بەرهەم و عادل موراد. تەنیا نەوشیروان مستەفا و حەمە تۆفیق بە تەواوی دژن، عوسمان حاجی مەحموود ڕاڕایە و یەكلا نەبووەتەوە. مستەفا سەید قادر ڕاڕا بوو، بەڵام دوێنێ سەردانی كردم و بەڵێنی دا، هەرچی بڵێم ڕازی بێت.
– نەوشیروان مستەفا ئێستا دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكاتەوە، گوایە ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە جامانە سوورەكان دێنە ناو سلێمانی و داگیری دەكەن!“
هەر لە كتێبەكەدا ئەوەش ئاشكرا كراوە كە لە دانیشتنە دووقۆڵییەكەدا مام جەلال هەندێ پێشنیاری باس كرد كە سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی هەردوو ئیدارەكەی هەرێمی كوردستان بكات. لەمبارەیەشەوە مام جەلال گوتوویەتی: ”جگە لەوەی كوڕی مەلا مستەفای، گەورەی بارزانییەكانی و سەلماندووشتە كە پیاوی ڕۆژانی تەنگانەیت.“ هەروەك ئەوەشی گوتووە: ”حەز دەكەم ڕێوشوێنی پێویست بگریتە بەر بۆ ئەوەی پێكەوە سەردانی مەزاری بارزانیی نەمر و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان بكەین و پێیان ڕابگەیەنین كە ماندووبوون و قوربانیدانیان بەفیڕۆ نەڕۆیشت.“