پارێزگارى هەولێر: کەمتەرخەمی لە هیچ لایەک قبوڵکراو نییە

ئەمڕۆ یەکشه‌ممه‌ 2023.8.13، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر و ئامادەبوونی هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانی پارێزگار و ئارى محمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى ئاو و ئاوەڕۆى هەرێمى كوردستان و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار، له‌ دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە چارەسەرکردنى گرفت و کێشەکانى كەم ئاوى لە گەڵ فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئیدارە و دامەزراوەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر ئەنجامدرا.

لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، تیشکى خستەسەر ڕێگە چارەسەرییەکانى گرفت و کێشەکانى کەم ئاوى لە سنوورى پارێزگاى هه‌لێر و ئەو ئامادەکاریی و ئامادەسازیانەى لەوپێناوە لەلایەن پارێزگای هەولێر کراوە، لەوبارەیەشەوە جەختى لە جێبەجێکردنى ڕێنمایی و بڕیارەکان لە لایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان وەکو خۆى کردەوە و ڕایگەیاند: “کەمتەرخەمى لە هیچ لایەک قەبوڵکراو نییە”، پاشان سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و هەردوو بەڕێوەبەرایەتى ئاو و ئاوەڕۆى ناوشار و دەوروبەرى ڕاسپارد دەستکراوەبن لە چارەسەرکردنى هەر کێشە و گرفتێکى ئاو لە هەولێر و دەوروبەرى هەبێت، لەوانەش پڕۆسەى لێدانى بیرەکان خێراتر بکرێت و چاککردنەوە و چارەسەرکردنى کێشە و گرفتە تەکنیکیەکانى ئاوى ئیفراز و قەندیل لە زووترین کاتدا یەکلایی بکرێتەوە و بەردەوامبن لە هەڵمەتى هۆشیارکردنەوەى هاوڵاتییان و بەفیڕۆنەدانى ئاو و بڕینی سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌رتۆڕی ئاوى پاکى ماڵان و ئیجرائات وەرگرتن لەگەڵ هەموو ئەوکەسانەى ئاو بەفیڕۆ دەدەن.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر ئەو ڕێوشوێنانەى تر کە لە ئەمساڵ و ماوەى ساڵانى ڕابردوو لە پێناو چارەسەرکردنى گیر و گرفتەکانى کەم ئاوى هەولێر گیراوەتەبەر، وەک دروستکردنى پۆند و دەستکردنى ژمارەیەک بەنداو، کە هەمووى بەیەکەوە پڕۆژەى گەورە و ستراتیژین و لە داهاتووەکى نزیکدا گرنگى زۆریان دەبێت بۆ کەمکردنەوە و چارەسەرکردنى ئاوى سنوورى پارێزگاى هەولێر.

لە کۆتایشدا، دواى خستنە ڕووى پێداویستییەکان، چەندین پێشنیار بۆ چارەسەرکردنى كه‌می ئاوی خواردنه‌وه‌ی ماڵان له‌ به‌شێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شارى هه‌ولێر و قەزا و ناحییە و گوند و ناوچەکانى ترى سنوورى پارێزگاى هەولێر، پارێزگارى هەولێر بۆ دەربازبوون لەو گرفتانەى هەن، دووبارە تەئکیدى لەسەر خێڕاترکردنى ڕێکارە چارەسەرییەکان کردەوە.

جێگەى باسە، هەریەک لە بەڕێوەبەرى گشتیى کارەباى هەولێر و سەرۆکى شارەوانى هەولێر و بەڕێوەبەرى گشتیى شارەوانییەکان و بەرێوەبەرانى ئاو و ئاوەڕۆى ناوشار و دەوروبەر و بەڕێوەبەرى قەیرانەکان پارێزگا و بەرێوەبەرى ئاوى ژێرزەوى و بەرێوەبەرانى دابەشکردنى کارەباى 1 و 2ى هەولێر و بەرێوەبەرى مولیدە ئەهلیەکان و ژمارەیەک لە ئەندازیاران لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.

ھەواڵی زیاتر