د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەنێت، ئەم مانگە و بۆ جاری یەکەم حکومەتی فیدراڵی تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان، کە لەیاسای بودجەی گشتیدا جێگیرکراوە و نزیکەی تریلیۆنێک و 250 ملیار دینارە، دەنێرێت و جەختی لەوە کردەوە، “هیچ بیانوویەک بۆ نەناردنی نەماوە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند”بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ خەرجکردنی لیستی مووچەی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی عێراق لە نێوان 18 بۆ 25ـی ئەم مانگە، پشکی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکات”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە گوێرەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق، کە رۆژی 7ـی ئەم مانگە لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوکراونەتەوە، پێویستە یاساکە لە رۆژی 1ـی 1ـی ئەمساڵەوە بچێتە واری جێبەجێکردنەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندی تەواوی بڕگە و ماددەکانی یاساکە بووە.