نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و هاونیشتمانییان ئاگادار دەکاتەوە کە بەناوی ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە هەوڵی خەڵەتاندنی هاونیشتمانییان دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 10-08-2023 نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی کوڕی سەرۆک بارزانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان، ئاگادارتان دەکەینەوە ماوەیەکە چەند کەسێکی نەناسراو لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنی هەڵدەستن بە بەکارهێنانی ناوی ئەندامانی بەڕێزی خانەوادەی بارزان بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی هاونیشتمانیان ” ئەم کەس یان تاخمە فێڵباز و ساختەچییانە، هەوڵدەدەن لە رێگەی تۆڕەکانی پەیوەندی (ڤایبەر و وەتسئاپ) و بە چەند ژمارە تەلەفۆنێکی دەرەوەی وڵات و بە بەکارهێنانی ناو و وێنەی ئەندامانی خانەوادەی بەڕێزی بارزان لە سەر پرۆفایلەکانیان، خۆیان بە ئەندامێکی ئەو بنەماڵە بەڕێزە بە هاووڵاتییان بناسێنن و بە بیانووی جۆراوجۆر هەڵیان دەخەڵەتێنن و دواتر بە سیناریۆیەکی بێشەرمانە، هەوڵی دەستخستنی پارە یان دەستکەوتێکی تری ماددی دەدەن”.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە ” بەهەموو لایەك را دەگەیێنین، بە هیچ شێوەیەك خانەوادەی بەڕێزی بارزان، ئاگاداری ئەم جۆرە پەیوەندییانە نین و ئەم کارە بێنرخ و دوور لە ئەخلاقە بۆ مەرامی کەسی و دەستکەوتنی بڕێك پارە و شێواندنی ناو و پێگەی بەرزی بنەماڵەی بارزان و هەڵخەڵەتاندنی هاووڵاتییان ئەنجام دەدرێت، بۆیە لە رێگەی ئەم بڵاوکراوەیە لەم شێوازەی فێڵکردن لە هاووڵاتییان ئاگادارتان دەکەینەوە و تکامان ئەوەیە بەدەم ئەم پەیوەندی و داوایانەوە نەچن، ئێمەش هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرینەبەر بۆ بە سزا گەیاندنی ئەم جۆرە کەسانە”.
لە راگەیێندراوەکەدا، بەشێکی ئەو ژمارە تەلەفۆنانە بڵاوکراونەتەوە کە پەیوەندییان بە هاونیشتمانییانەوە کردووە و فریویان داون.
(0049632272226) (00905316217283) (004917694918330) (00905342800063) (004915210114240) (00905253179687) (00491772612854) (009054134411464) (00905525542222) (00491784094845) (00491633434230) (004915212456574)
(004915212389605) (004917644517945)