سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دەستکاری پێشنیازە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەکەین و ماددەی 12ـی تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر لادەبەین.
سەلما فاتیح، سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، دەستکاری پێشنیازە یاسای میدیای ئەلیکترۆنی دەکەین و ماددەی 12ـی تایبەت بە دۆسیەی تیرۆر لادەبەین، ئێستا دادگاکان پشت بە دوو یاسا دەبەستن بۆ سزادانی رۆژنامەڤانان، بەتایبەتی رۆژنامەڤانانی ئەلیکترۆنی، “یەکەم یاسای خراپ بەکارهێنانی مۆبایل، یاسای ژمارەی 6ـی ساڵی 2008، دووەم یاسای ساڵی 1969ـی سزادانی عێراقی کە هەردوو یاساکە زیندانیکردنی تێدایە”.
پرۆژەپێشنیازەکە لە رۆژی 27ـی تەممووزی 2020 خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا و زۆربەی پەرلەمانتاران واژۆیان لەسەرکرد.
لە پێشنیازە یاساکەدا لەبارەی هۆکارەکانی دەرچواندنییەوە هاتووە، رۆژ بە رۆژ میدیای ئەلیکترۆنی لە کوردستان و جیهان رۆڵ و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت، ئەمە دەرفەتی بۆ هەموو کەسێک رەخساندووە کە بە ئاسانی دەستی بە تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پێگە ئەلیکترۆنییەکان بگات، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە میدیایە بەسەر کۆمەڵگە و لەپێناوی رێکخستنی بواری میدیای ئەلیکترۆنی دروست، ئەم یاسایە دانرا.