بەناوی پەروەردگاری گەورە و میهرەبان
هاووڵاتیە ڕەسەن و خۆشەویستەکانی پارێزگای کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی شەنگال و شێخان و مەخمور و دوزخورماتوو و خانەقین و مەندەلی
سڵاوتان لێبێت.
وەک ئاشکرایە بەپێی ئەو وادەیەی کە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دیاریکردووە، رۆژی ١٨ی کانونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوە دەچێت، ئەم هەڵبژاردنەش کە ماوەیەکی زۆرە ئەنجام نەدراوە، گرنگییەکی گەورە و مێژوویی هەیە و ئەنجامەکەشی دەبێتە بنەمایەک بۆ پیشاندانی سەنگ و پێگەی کورد لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان و سەلماندنی خەڵکە ڕەسەنەکەی و خاوەندارییەتی خاکەکەی.
ئێمە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان لە کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان، هەوڵماندا کە کورد بە یەک لیست بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکات، هەر بۆیە بە بێ هیچ بەرژەوەندیی و دەستکەوتێکی سیاسی و کەسی وتایبەتی، لە پێناو پێکهاتەی ڕەسەنی شارەکە و نەفەوتان و پەرتەوازەنەکردنی دەنگی کورد و راست کردنەوەی باڵانس و پارێزگاریکردنی کورد لە ژمارەی کورسییەکانی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، یەکەم دەستپێشخەرییمان بێ جیاوازی بۆ لایەنە کوردستانیەکان راگەیاند و پرۆژەی (هاوپەیمانی گەل)مان پێشکەشکردن بۆ پێکهێنانی لیستێکی هاوبەش.
ئێمە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی چەند لایەنێکی سیاسیمان کرد و ئەوانەشی سەردانمان نەکردبوون پرۆژەکەمان بۆ ڕەوانەکردن، داوای هەڵوێستمان لێکردن، لەگەڵ ئەوەی هەموو ئامادەییەکمان نیشاندا بۆ سەرخستنی کورد لەم هەڵبژاردنەدا، تەنانەت ئامادەبووین کاندیدشیمان نەبێت، تەنیا ئامانجمان سەرکەوتنی کورد و خەڵکە ڕەسەنەکەی ناوچەکە وکۆکردنەوەی لایەنەکان بوو لەچوارچێوەی لیستێکی هاوبەشدا، بەڵام بەداخەوە زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان وەڵامەکەیان ئەرێنی نەبوو، ئامادەنەبوون بە یەک لیستی هاوبەش لەم هەڵبژاردنەدا بەشداربن، لەکاتێکدا خۆیان ئاگاداری ئەو سیستمەن کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە پەیرەو دەکرێت کە لە بەرژەوەندی یەک لیستی هاوبەشدایە نەک فرە لیستی، بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت.
بەداخەوە بەشێکی زۆر لە لایەنە سیاسیە کوردستانییەکان بەتایبەت هەردوو پارتی دەسەڵاتدار کە دیارە دەرسیان وەرنەگرتووە لە هەڵەکانی رابردوو، دەیانەوێت بەردەوامی بدەن بە نەهامەتییەکان و جارێکیتر کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان بکەنەوە قوربانی کێشە و ململانێی سیاسیی و بەرژەوەندییە حزییەکانیان. دەرکەوت هەموو ئەو دروشمانەی کە بەناوی کورد و نیشتیمانپەوروەرییەوە بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە لە دروشمی درۆینە زیاتر نەبووە چونکە ئامادەنەبوون بۆ یەکجاریش دەستبەرداری حزبایەتی بن و لە پێناوی میللەتەکەمان یەکڕیزی هەلبژێرن، بەڵکو دەیانەوێت ببنەوە بە بارگرانی بۆ خەڵکی کەرکوک و ناوچەی کێشە لەسەرەکان. تەنانەت قۆڵبادان و ململانێ سیاسیەکانیشیان لەهەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئەو ئاستەی وا خەریکە بەتەواوەتی قەوارەکە بخەنە بەر مەترسی پیلانگێڕییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان کە بە خوێنی رژاوی هەزاران شەهید و خەباتی چەندین ساڵەی دەیان هەزار پێشمەرگە و تێکۆشەر و قوربانیدانی ئەم گەلە ستەمدیدە و زوڵملێکراوە بەدەستهاتووە.
ئێمە لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە پیرۆزی خاکی کوردستان و بەرزراگرتنی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان، لەگەڵ ئەو فشارە زۆرەی کە لەسەرمانە بۆ بەشداریکردن و لیستی جیاواز لەم هەڵبژاردنەدا، رایدەگەیەنین کە هەرگیز ئامادەنین لە پێناو بەدەستهێنانی چەند کورسییەک زیان بە دەنگی کورد لەو ناوچانە بگەیەنین.
ئێمە بە بەشداریکردنمان لەم هەڵبژاردنەدا دڵنیاین کە دەنگێکی زۆر دەهێنین، هەموولایەکیش دەزانن کە پێگەو و سەنگی ئێمە لەکەرکوک و ئەوناوچانە چۆنە و چەندە، بەڵام لە ژێر ناوی یەک لیستی کوردستانی نەبێت بە هیچ شێوەیەکیتر و بە لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن ناکەین و یاری بە چارەنوسی خەڵک و خاکەکەیەوە ناکەین، بۆیە داوای لێبوردنتان لێدەکەین.
بەم پەیامەش خەڵکی خۆشەویستی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دڵنیا دەکەینەوە، دڵ و گیانمان لەگەڵیاندایەو خۆمان بە خزمەتکاریان دەزانین، وەک چۆن لە رابردوودا بەهۆی هەڵوێستەکانمانەوە لەسەر ئەوەی ئامادە نەبووین یاری بە چارەنووسی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و خەڵک و خاکی ئەو ناوچانە بکەین قوربانی زۆرمانداوە، لە ئێستا و لە داهاتووشدا ئامادەی هەموو قوربانییەکین، لەم هەڵبژاردنە چارەنوسسازەشدا خودی خۆم ئامادەم هەموو تواناکانم بخەمەگەڕ، دێ بەدێ و ماڵ بەماڵی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان بگەڕێم و دەستی هەموو دەنگدەرێکی کوردی رەسەن ماچ بکەم و پێیان بڵێم بڕوا بە دروشمی کوردایەتی درۆینەی لایەنەکان مەکەن، بەڵکو لە پێناوی چارەنوسی کەرکوک و سەلماندنی خاوەندارییەتی ئەو خاکە پیرۆزە کە بەشداری کارایان هەبێت لەم هەڵبژاردنەدا تا یەک دەنگی کورد لەو ناوچانە بەفیرۆ نەچێت، دەنگ بەو کاندیدانە بدەن کە بە شایستەو راستگۆیان دەزانن بۆ خزمەتکردنی ناوچەکانی خۆیان جا لەهەر لیست و لایەنێکبن.
هاوڵاتیانی بەرێز لەئێستادا یەکگرتوویی تەواوی لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکێشە لەسەرەکان زۆر پێویستە نەک بۆ وەدیهێنانی خەونی گەورە، بەڵکو بۆ لەدەست نەدانی زیاتری خەون و ئاواتەکانمان بەهۆی پەرتەوازیی و نەگرتنەبەری سیاسەتێکی حەکیمانە.
لێرەوە جاریکی تر دەمانەوێ بەروونی بەخەڵکی کوردستانی رابگەیەنین کە لەداهاتوو هەر ئەنجامێکی نەخوازراو رووبدات ئەوا ئەو لایەنانە لێی بەرپرسیارن کە خەمی چارەنووسی کەرکوک و خەڵک و خاکی ئەو ناوچانەیان نیە و سڵ لە وێرانبوونی ناکەنەوە و بە فرە لیستی بەشداری لەم پرۆسە گرنگ و هەستیارەدا دەکەن.
دەبێت ئەوەش باش بزانن مێژوو ڕەحمیان پێناکات و دادگای مێژوو حکومیان ئەدات.
هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتووبن
لاهور شێخ جەنگی