مەسرور بارزانی بڕیارێكی دیكەی لە بەرژوەندی جوتیاران دەركرد

بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو جوتیارانەی مافیان هەبوو گەنم ڕادەستی سایلۆ بکەن و بەهۆی هەندێک هۆکار ڕادەستیان نەکردبوو، سەرجەم گەنمەکەیان بە نرخی حکوومی لێ وەردەگرن و کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت و لێکۆڵینەوەش لەگەڵ ئەوانە دەکەن هۆکار بوونە لە وەرنەگرتنی گەنمەکە، بەپێی یاسا ڕێکار بەرامبەریان دەگیرێتە بەر.

سەروەر هاواری: بریکاری وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی کێشەیەک لەسایلۆی هەولێر دروست بوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت بەدواداچوونمان کرد، ڕۆژی هەینی بوو هەندێک جووتیار ناڕەزایەتییان دەربڕی، کۆمەڵێک جووتیار بێبەش بوون لە ڕادەستکردنی گەنم بە سایلۆ، هەڵەیەکی تەکنیکی ڕوویدابوو، دەست بەجێ سەرۆکی حکوومەت لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا بۆ ئەو پرسە و فەرمانی کرد پێویستە مافی ئەو جووتیارانە نەفەوتێت، ئەگەر حکوومەتی عێراق وەری نەگرت ئەوان چارەسەری دەکەن، ئەوە بوو لە ڕێگەی کۆمپانیای خۆشناو ئەو پرسە چارە کرا، ئەو گەنمەی مابوو هەمووی لە سایلۆی دەشتی شەمامک بەنرخی حکومی وەردەگیرێت کە نزیکەی 11 هەزار تەن بوو، بۆیە ئەو جووتیارانەی کێشەیان هەبوو گەنمەکەیان وەردەگیرێ و بۆ ناوخۆ بەرکاری دێنن .

سەروەر هاواری گوتیشی: دوای چارەکردنی ئەوکێشەیە لێکۆڵینەوە دەکەین کێ کەمتەرخەم بووە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، چونکە کەمتەرخەمی و جۆرێک لە ناڕێکی لە سایلۆ هەبووە، بۆیە لیژنە تایبەتەکە لە هەنگای یەکەم و کاری لەپێشینەمان چارەکردنی کێشەی ئەو گەنمەیە وەرنەگیراوە، دواتر لێکۆڵینەوە دەکەین لەو کەسانەی دەستیان لەو گەندەڵییەدا هەبووە.
هاواری گوتیشی: چونکە ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆر بوو هێشتا گەنم ماوە وەربگیرێت، بۆیە خۆیان دەتوانن سەردانی هەردوو کۆمپانیای خۆشناو و قەیوان بکەن، بەڵام کاری ئێمە ساغکردنەوەی ئەو 11 هەزار تەنەیە جووتیاران مافیان هەبووە لێیان وەربگیرێ و لێیان وەرنەگیراوە، بۆیە بەنرخی حکوومی لێیان وەردەگیرێت و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەو گەنمەی ماوە بدرێتە کۆمپانیاکان ئەوانیش هاوشانی حکوومەت لە سەرەتاوە گەنم وەردەگرن و بەشێکیان وەرگرتووە، ئەوان بەپێی ڕێککەوتن لە جوتیارانی وەردەگرن، ئەگەر نا پرۆسەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هاتووە و بەفەرمیی ڕامانگەیاندووە.

ھەواڵی زیاتر