پێنج تۆمەتبار بە تۆمەتی هەڕەشەکردن بە بڵاوکردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی دەستگیر كران

لەلایەن هێزەکانمان لە (بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر)، بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، پێنج تۆمەتبار بە ناوەکانی (م، ح، س)، (ف، ع، ع)، (ک، ی، د)، (أ، ن، ش) و (ڕ، خ، س) دەستگیر كران کە لە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە تایبەت لە (تیکتۆک، تێلیگرام و فیسبووک) هەڵساون بە تۆمار کردن و بڵاو کردنەوەی گرتەی ڤیدیۆیی نەشیاوی چەند هاووڵاتییەك لە هەردوو ڕەگەز، دواتر لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتە ڤیدیۆییە نەشیاوەكانی هەر کەسێک، داوای بڕێک پارەیان کردووە، هاوكات لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)ەوە خۆیان لە خەڵکانی بەتەمەن کردووە بە ئافرەت و سەرنجیان ڕاکێشاون و گرتەی ڤیدۆیی نەشیاویان پێ تۆمار کردوون، بەم هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن. بۆیە دوای دەستگیركردنیان، ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیرایە بەر.
لێرەوە داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین، خۆیان لەو جۆرە پەیوەندییانەی بەدوور بگرن کە بە ڕێگای تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەگەڵ كەسانێك دروستیان کردووە كە جێی گومانن و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن تاوەكوو نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە نەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر

ھەواڵی زیاتر