پێشنیوەڕۆی ڕۆژی شەممە 8ی تەمموزی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی لەگەڵ فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و تێیدا سوپاسی ڕۆڵ و ماندووبوونی ئەندامانی فڕاكسیۆنی پارتی كرد و دەستخۆشی لێ كردن كە لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا كارەكانی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندووە و پابەندی ئەركەكانیان بوونە. داواشی كرد بەردەوام بن لە ڕۆڵی خۆیان لە بوارە جیاجیاكان و خزمەتی كوردستان و پارتی بكەن. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی ئومێدی سەرەكیی خەڵكی كوردستانە و پێویستە پارتی پارێزەری بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و فەرهەنگ و ڕەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردستانی بێت.
هەر لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بە بارودۆخی سیاسیی كوردستان و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و پەیوەست بەم تەوەرانە، بەرچاوڕوونی و ئامۆژگاریی پێویستی خستەڕوو.