وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ”بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە بەرزترین ئاستدایە، تووشبوون و گیان لەدەستدانیش ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەبن و پارێزگای هەولێریش لە خراپترین دۆخدایە.
بۆ پێشگیری لەو ڤایرۆسە، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند بڕیار و پلانێکی ئامادە کردووە، د.محەممەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، ئێستا هەرێمی کوردستان و هەولێر بەتایبەتی لە خراپترین دۆخی تەندروستیدان، بۆیە وەزارەتی تەندروستی دەیەوێ دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە بۆ ئەوەش ژمارەی نەخۆشخانەکان زیاتر دەکات، سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان بێبەرامبەر بەردەوام دەبێت و چوونی نەخۆشیش بۆ نەخۆشخانەی ئەهلی بە خواستی نەخۆش دەبێت.
د.محەممەد قادر وتیشێ”وەزارەتی تەندروستی قەدەغەی هاتووچۆی نەخستۆتە نێو پلانەکانییەوە، بەڵکو ئەو دەسەڵاتەی داوە بە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و ئەگەر خۆپارێزی نەکرێ، قەدەخەی هاتووچۆ سوودی نابێ”.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 20 هەزار و 660 تووشبووی دەستنیشانکراوی کۆرۆنا هەن، کە 11 هەزار و 207 کەسیان چاکبوونەتەوە و 732 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.