ئەژی ئەمین پەیامێکی توند بۆ یەکێتی دەنێرێت

مامۆستا ئەژی ئەمین سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری و یاریدەدەری ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی جەژنی قوربانی پیرۆزەوە، پیرۆزبایەکی بڵاو کردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:


بەبۆنەی جەژنى قوربانى پیرۆزەوە پیرۆزبایى لە سەرجەم حاجیانی ماڵی خوا و موسڵمانانى جیهان و کوردستان بەتایبەت دەکەم. نزادەکەین خواى گەورە حەجى حاجیانمان قبووڵ بکات.
‎لەم بۆنەیەدا، ئومێد دەکەم لەژێرناوی جیاکردنەوەى بودجە یان پشکى پارێزگادا، چیتر بەرژەوەندییە باڵاکانى نەتەوەکەمان نەکرێنە قوربانى بەرژەوەندى تەسکى حزبى. داوا دەکەم سەرکردایەتی سیاسی کورد ژیرانەتر و باشتر مامەڵە بکات لەسەر ئەم بابەتە، هەنگاوی لەمشێوەیە لەمێژوودا وەکو خیانەتێک بەناوچاوانی داڕێژەرانی پیلانێکی لەمشێوەیە دەنووسرێتەوە. ئەم پیلانە پێچەوانەیە لەگەڵ بنەماکانی دامەزراندنی یەکێتی لە مافی چارەی خۆنووسین و هەرهەنگاوێکى لەمشێوەیە سەروەرى نەتەوەکەمان دەخاتەژێر مەترسییەوە. پشتیوانی داگیرکارانی کوردستان لەژوورە تاریکەکاندا لەبەرخاتری چاوی کاڵمان نیە، بەڵکو بۆلەباربردنی ئەم قەوارەیە کە هەمیشە هیوایەک بووە بۆ سەربەخۆیی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکە.
‎هەر لەم بۆنەیەدا دەمەوێت ئیدانەى هەر هەوڵێک بکەم بۆ پەلکێشکردنى دامودەزگاى هەواڵگرى و ئەمنی بێگانە بۆناو خاکى هەرێمى کوردستان. هەر ئەو هێزانەبوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر و کاتی دیکەشدا چەندین پێشمەرگەی قارەمانیان لەژێر دەبابەکانیاندا شەهیدکرد، بەسەر لاشەی شەهیدانماندا خاکی هەرێمی کوردستانیان داگیرکرد. هەمان ئەو هێزە ئەمنیانە هەزاران کادیری سوننە و ئاینزا و نەتەوەکانی دیکەیان زیندانیکرد، بەئیستیغلالکردنی یاسای تیرۆر و دوور لە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ. هەربۆیەشە هەر هەوڵێکى نەزۆکى لەمشێوەیە سڕینەوەى خەبات و قوربانیدانى شەهیدان و پێشمەرگەکانى کوردستانە بۆ سەربەخۆیی گەلەکەمان و پاراستنی مافی مرۆڤ.
‎دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت.

ھەواڵی زیاتر