سێ ئەندامای كۆنگرێسی ئەمەریکا لە نامەکەدا داوا بلینكن دەکەن لە باڵاترین ئاستدا لەگەڵ بەغدا و ئەنقەرە قسەبكات بۆ ئەوەی هەرچی زووترە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.
گرووپی دۆستایەتی كوردستان لە كۆنگرێسی ئەمەریکا كە هەریەكە لە مایکڵ واڵتز، سێس مۆوڵتن و دۆن بیکن لەبارەی پرسی نەوتی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ناردووە و ستایشی هەوڵەكانیان کردووە بۆ سەقامگیری ئابووری لە هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە نامەی ئەندامەکانی کۆنگرێس بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە “وەک خۆتان ئاگادارن، لە مانگی ئادارەوە، بۆڕی نەوتی عێراق – تورکیا راگیراوە کە تاکە بژاردەی بەردەستە کە هەرێمی کوردستان بتوانێت لە رێگەیەوە ئەو نەوتە بەڕێبکات کە بەرهەمی دەهێنێت. ئەم راگرتنەش هۆكاری لە دەستدانی 80%ـی داهاتی هەرێمی كوردستانە”.
هاوکات ئاماژەیان بەوەشکردووە، تێپەڕینی هەرێمی کوردستان بەم دۆخە ئابوورییەدا لە کاتێکدایە كە میوانداری سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی سووریا و عێراقی کردووە و نووسیویانە، “بەدڵنیاییەوە هەرێمی کوردستان هۆکارێکی سەرەکی سەقامگیری ناوچەییە، بووەتە پەناگەیەکیش بۆ پەنابەران و هاوبەشێكی باوەڕپێكراومان بووە لە تێكشكانی داعشدا”.