رێبەر ئەحمەد: هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن بگرێت

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیمانگەی ئاشتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا لە واشنتن، گوتارێكی پێشكه‌شكرد. تێیدا ده‌ڵێت: “سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رژده‌ له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان”.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گوتی: “ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی كه‌ له‌دوای 2003 له‌ عێراق ده‌ستیپێكرد، بووه‌ هۆی دانانی ده‌ستوورێكی نوێ، هه‌مووان په‌سه‌ند و قبووڵیانكرد”.

گوتیشی: “ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی باشمان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌تێكی نوێ له‌ ناوچه‌كه‌ له‌ دایك بێت و ببێته‌ نموونه‌یه‌ك بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست”.

له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: ” حكومه‌تی عێراق هاوكاری پێشمه‌رگه‌ ناكات”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی عێراق واژۆكراوه‌، شەش مانگ دەرفەتدراوە بۆ ئەوەی پرۆگرامی کابینەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێ، لەوانەیە شەش مانگی دیکە بدرێته‌ سەرۆکوەزیران سوودانی، بۆئەوەی بزانین دەرئەنجامی ئەو رێککەوتنە سیاسیەی لەگەڵی کراوە چی دەبێت؟ بەڵام تا کۆتایی نابێت.

ده‌شڵێت: بڕوام وایە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی په‌رله‌مانی كوردستان، داهاتووی هەرێمی کوردستان باشتر دەبێت.

گوتیشی: “هیچ شتێک ناتوانێت پێش بە ئه‌نجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بگرێت و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رژده‌ لەسەر ئەوەی هەرچی زووە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆ ئەوەیە هەڵبژاردنی نوێ لە هەرێمەکەمان بکرێت، بڕواموایە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، داهاتووی هەرێمەکەمان لە ئێستا باشتر دەبێت، هەموو ئه‌و کێشانەی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌ هه‌ن، چارەسەر دەکرێن.

رێبه‌ر ئه‌حمه‌د داواشی لە هەموو لایەنەکان سیاسییەکان كرد، پشتیوانی لە هەوڵەکان بکەن بۆ ئەوەی رێککەوتێکی نوێ بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دیاری بکەن و هەرچی زووە هەڵبژاردن بکرێت.

باسی له‌وه‌شكرد،  “بڕیاربوو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی نۆدا بکرێت، بەڵام بەهۆی ئەو کێشانەی روویدا و هەندێک لایەن نەیانویست لەو کاتەدا هەڵبژاردن بکرێت و دوای بڕیاری دادگای فیدڕاڵی عێراق دۆخەکە ئاڵۆزتربوو، هەڵبژاردنەکان دواخران، هیچ رێککەوتێکی نوێش دیاری نەکراوە بۆ هەڵبژاردنەکان. بەڵام هیچ شتێک ئێمە لە کوردستان ناوەستێنێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن بکەین. چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نییە. ئێمە ئامادەین بۆ هەڵبژاردن”.

چەند رۆژێکە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمه‌ریکایە و لەگەل بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و ئاژانسی پەرەپێدانی نێودەوڵەتی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمه‌ریکا کۆبووەتەوە.

رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، تێکشکاندنی داعش، گرنگی ڕێکه‌وتنی لێکتێگه‌یشتنی نێوان ئه‌مه‌ریکا و هه‌رێمی کوردستان و چاکسازییه‌کانی پێشمه‌رگه‌ و هاوکاریکردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی هێشتا لە هەرێمی کوردستانن. هەروەها  به‌هێزکردنی دۆستایه‌تی نێوان هه‌رێمی کوردستان و واشنتن باس کردووە.

ھەواڵی زیاتر