سەرۆک بارزانی: ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن

ڕۆژی شه‌ممه‌ 10ی حوزەیرانی 2023 له‌ شاری هه‌ولێر به‌ به‌شداری سه‌رۆك بارزانی دوازده‌یه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریا ده‌ستیپێكرد و تیایدا سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد.

سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی بۆ شاری هه‌ولێر كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن و رایگه‌یاند، هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و له‌ئاستی داواكاری جه‌ماوەرەکەتان بێت. هه‌روه‌ها رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان – سووریای له‌ شۆڕشه‌كانی ئه‌یلوول و گوڵان به‌رز نرخاند و پێزانینی بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی له‌شكری رۆژ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش هه‌بوو كه‌ به‌ ده‌یان شه‌هیدیان پێشكه‌ش به‌ نیشتمان كرد.

گوتیشی، سوپاسی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا رۆڵی گرنگیان بینیوه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌له‌كه‌ماندا. لێره‌وه‌ سڵاو بۆ جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌كه‌تان ده‌نێرم. سڵاو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئاواره‌ی وڵاتان بوون و ئه‌وانه‌ی لێره‌ له‌ ماڵی خۆیاندان.

سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست بارودۆخێك دروست بێت كه‌ بتوانن بگه‌رێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیران و به‌ یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی كرد دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیان زیاتر پته‌و بكه‌ن و گوتی، له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سووریا له‌ ساڵی 2011ـه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كڕه‌نگ بن و هه‌ر بڕیارێك پێتان باش بوو بیده‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێمه‌ پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان سێ كۆنگره‌ (دوو له‌ هه‌ولێر و یه‌ك له‌ دهۆك) ببه‌ستن بۆ خه‌بات و پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل دوورودرێژە‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.

سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه‌، ئێمه‌ هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه‌ خزمه‌ت به‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له‌ سووریا.

سه‌رۆك بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ نارد كه‌ به‌ناحه‌ق شه‌هیدكران و ئه‌وانه‌شی له‌ به‌ندیخانه‌كاندان.

12ـه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا به‌ ئه‌ماده‌بوونی زیاتر له‌ 220 ئه‌ندام له‌ شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا 29 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن و دواتریش سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا هه‌ڵده‌بژێردرێت.

ھەواڵی زیاتر