کورد، لە دوای خیانەتی ۱٦ی ئۆکتۆبەر ۱۱۰ پۆستی لەکەرکوک لەدەستداوە

لە دوای ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەر، تا ئێستا کورد لە پارێزگای کەرکوک ۱۱۰ پۆستی لەدەستداوە. لە ڕووی ئیدارییەوە بووەتە نەتەوەی سێیەم و کەمترین پۆستی لەلا ماوەتەوە.

ژمارەیەک ڕێکخراو و ڕۆژنامەنوسی کورد لە پارێزگاکە لە بەدواداچونێک لەسەر پێگەی ئیداری کورد لەشارەکە گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی ئەوەی ئێستا بەرامبەر کورد دەکرێت لە پارێزگاکە لە سەردەمی بەعسیش وێنەی نەبووە. بەبەرنامە هەوڵی بەرکەنارکردنی کورد دەدرێت لەڕووی ئیداریەوە.

لە دوای خیانەتەکەی یەکێتی لە ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷، پۆستی پارێزگاری کەرکوک پشکی یەکێتێ بوو لە کورد وەرگیرایەوەو درایە پێکهاتەی عەرەب. لە کاتێکدا لە سەرجەم هەڵبژاردنەکان لەدوای ۲۰۰۳ەوە کورد لەپلەی یەکەمدا بووە.

قایمقامی ناوەندی کەرکوک، پشکی پارتی بوو درا بە بەرەی تورکمانی و قایمقامی داقوق پشکی یەکێتی بوو درا بە عەرەب و لە کۆی پینج قایمقامیەتی پارێزگای کەرکوک تەنانەت یەک قایمقامیەتی لای کوردن نین.

پێشتر بەڕێوەبەری پۆلیس و پۆلیسی قەزاو ناحیەکان کورد بوون. ئێستا تەنها بەڕێوەبەری پۆلیس لای کورد ماوەتەوە. پۆلیسی فیدڕاڵی شوێنی پۆلیسی قەزاو ناحیەکانی گرتوەتەوە.

هەردوو بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی و کشتوکاڵ، دوو بەڕێوەبەرایەتی دیار بوون لای کورد. ئێستا دراون بە تورکمان و عەرەب. سەرۆکی زانکۆی کەرکوک، پشکی کورد بوو ئێستا دراوەتە تورکمان.

لە کۆی ١٠٩ فەرمانگەی حکومی لە شاری کەرکوک، بەڕێوەبەرەکانیان بەم شێوەیەیە:

٤٥ بەڕێوەبەری عەرەبن
٤١ بەڕێوەبەری تورکمانن
٢٢ بەڕێوەبەری کوردن و کورد ڕێژەی ٢٠ لەسەدی بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی لا ماوە.

لە کۆی گشتی سەرجەم فەرمانبەرانی شاری کەرکوک ڕێژەی نەتەوەکان بەم شێوەیەیە:
٣٥٪ عەرەب
٤٣٪ تورکمان
٢٢٪ کوردن
١٪ کریستیان

کورد چاوی لەوەیە بەگواستنەوەی میلاکاتی پەروەردەی هەرێم لە کەرکوک بۆ سەر بەغدا ڕێژەکەی بۆ نزیکی ۳۰ لەسەد بەرز ببێتەوە.

ڕێکخراوەکانی کورد و ڕۆژنامەنوسان کۆمپانیای نەوتی باکوریان وەک گەورەترین دامەزراوەی حکومی پارێزگاکە بە نمونە وەرگرتووە کە ژمارەی فەرمانبەرانی (١٢.٣٣١) کەسە بەم شێوەیە لە نێوان پێکهاتەکان دابەشبووە:
٤٩٪ عەرەب
٤٢٪ تورکمان
٨٪ کورد
١٪ کریستیان

لە کۆی (١٢) بەڕێوەبەری دەستەی ناو کۆمپانیاکە، ھیچ کوردێکی تێدا نیە و ٧ عەرەب و ٤ تورکمان ١ کریستیانن.

لە کۆی ٥١ بەش لە کۆمپانیا بەم شێوەیەیە:
٣٢ عەرەب و ١٤ تورکمان و ٣ کورد و ۲ کریستیانن.

لەدوای ۱٦ی ئۆکتۆبەر، زۆرینەی ئەو پۆستانەی لە یەکێتی وەرگیراونەتەوە دراون بە ڕێکخراوی بەدر کە تورکمانی شیعەو عەرەب و شیعە و چەند کوردێکی فەیلی لە شوێنیان دانراون. زۆرینەی ئەو پۆستانەی لای پارتی بوون لە لایەن عەرەبەوە پڕ کراونەتەوە.

تا ئێستا پارتی بارەگای لە پارێزگای کەرکوک نییە، جگە لە دوو بارەگای ناوچە لە قەرەهەنجیر و سەرگەڕان و نوسێنگەیەکی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە شارەکە، هیچ پۆستێکی حکومی بەفەڕمی لای پارتی نەماوەتەوە. یەکێتی کە حزبی یەکەمی پارێزگاکەیە تەنها دوو بەڕێوەبەری ناحیەی هەیە.

ھەواڵی زیاتر