لە سنوری قەزای سۆران دەست بەسەر برێكی زۆر پەینی كیمیایی و كشتوكاڵی و برنجی ساختەكراو داگیرا.
لەمبارەوە ڕەجەب زبێر حارس، قایمقامی قەزای ناوەندی سۆران ڕایگەیاند: “دوای ئەوەی لە بنكەی گومرگی سۆران، 1002 دەبەی پەینی كیمیایی كشتوكاڵی كە بریتی بوو لە 20 هەزار و 40 لیتر، دوو رێککەوتی لەسەر بوو كە ڕێگە پێدراو نییە، لە لایەن بنكەی گومرگی سۆران دەستی بەسەردا گیرا و ڕاستەوخۆ ڕادەستی لیژنەی ئابووری سۆران كرا، دوای گرتنەبەری ڕێكکاری یاسایی بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا لە ناو دەبردرێت”.
ئەوەشی خستە روو: “لە بازگەیەكی ئاسایشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەست بەسەر 25 تۆن برنجی (هیرا)دا گیرا، كەسانێك دەیانویست بە شێوەیەكی ساختە لە سلێمانی بۆ دهۆک بیگوازنەوە”.
وتیشی: “دوای دەستبەسەرداگرتنی ڕادەستی لیژنەی ئابووری سۆران كرا، لەوێش ڕەوانەی هەولێر کرا، بۆ ئەوەی بکرێتە حەلەفی ئاژەڵان، رێکاری یاسای بەرامبەریان گیرایەبەر و پێ بژاردنیان بۆ كرا”.