شاخەوان عەبدوڵڵا هەموو شتێک لەسەر نەوەی نوێ ئاشکرادەکات

شاخەوان عەبدوڵڵا راگەیەندراوێكی بە ناونیشانی “وەڵامێك بۆ خێزانی كەبابچی” بڵاو كردووەتەوە و نووسویەتی ” بڕیار نەبوو وەڵامتان بدەمەوە بەڵام بەداخەوە لای زۆر كەس وای لێهاتووە بە چاو بڕیار بدات نەعەقڵ.”

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە راگەیەندراوێك وەڵامی فراكسیۆنی نەوەی نوێ و كەناڵەكەی شاسوار عەبدولواحید دەداتەوە و دەڵێ كەناڵەكە خەریكی درۆ و بوختانن لە دژم، ئاشكراشی دەكات كە بە سروە عەبدولواحیدی گوتوە “لیژنەیەکیش بە ئێوە دەدەم وەک نەوەی نوێ گوتی باشە، گوتم بەڵام یەک مەرجم هەیە لێرە لە بەغدا دەبێت بەرگری لە بودجە و مووچەی خەڵ کی کوردستان و پێشمەرگەو ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بکەن فراکسیۆنەکان رازی بوون تەنیا سروە عەبدولواحید رازی نەبوو گوتی من پەرلەمانتاری عێراقم و حەقم بەسەر هەرێمەوە نییە”

وتیشی “ماوەیەكە ئەم كەناڵە(ئێن ئار تی) خەریكی درۆ و بوختان و چەواشەیە دژی ئێكە ئەوەش لەبەر چەند هۆكارێك.”

“یەکەم / لە کاتی دابەشکردنی لیژنەکانی کورد بەسەر فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەیەکم لەگەڵ فراکسیۆنە کوردییەکان کرد و سەرۆکی هەر یەک لە فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی و نەوەی نوێ و یەکگرتوو ئامادەبوون، پێم وابێت کاک سۆران لەوێ نەبوو دوای کۆبوونەوەکە هات و لە کۆبوونەوەکە دوای پارتی و یەکێتی بە سروە عەبدولواحیدم گوت لیژنەیەکیش بە ئێوە دەدەم وەک نەوەی نوێ گوتی باشە، گوتم بەڵام یەک مەرجم هەیە لێرە لە بەغدا دەبێت بەرگری لە بودجە و مووچەی خەڵ کی کوردستان و پێشمەرگەو ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم بکەن فراکسیۆنەکان رازی بوون تەنیا سروە عەبدولواحید رازی نەبوو گوتی من پەرلەمانتاری عێراقم و حەقم بەسەر هەرێمەوە نییە منیش گوتم ئەوەی بەرگری لە کورد نەکات لیژنەی پێ نادەم ، دواتریش چوو لە کەناڵی عەهد بۆ ئەوەی هەندێکی تر خۆی لەلای نەیارانی کوردستان شیرین بکات باسی لەوە کرد گوایە من پێم گوتبیت بەرگری بکە لە پارتی ئەوجا لیژنەتان پێ دەدەم ، کە ئەمە جیا لەوەی درۆیەکی گەورە بوو دڵنیاشم پارتی ئەوەندە بچوک نییە خەڵکی لەو شیوەیە بەرگریی لێبکات.”

شاخەوان عەبدوڵڵا نووسیویەتیشی “لە کاتی دابەشکردنی ئەندامانی پەرلەمان بەسەر لیژنەکان تەواوی پەرلەمانتارانی کوردم دابەش کرد بەسەر لیژنەکان بەو شێوەی خۆیان دەیانویست ، تەنیا نەوەی نوێ گوتیان ئیمە پەیوەندیمان بە کوردەوە نییە و لەگەڵ ئیمتداد هاوپەیمانیمان دروست کردووە گوتم باشە بەڵام دوای گلەیی نەکەن گوتیان باشە ، کەچی بەڵێنیان پێدان ئەندامێکیان لە لیژنەی دارایی دانێن دوای راستیان لە گەڵیان نەکرد و هاتنەوە بۆ لای من گوتیان ئەو ئەندامەمان بۆ بگەڕێنەوە بۆ دارایی، چەند جارێک سروە و جاریکیش کاک ریبوار و جارێکیش کاک ئومێد محەمەد هاتن ، گوتم بە مەرجێک لەبەرامبەر ئەو درۆیەی لە كەناڵی عەهد کردووتانە داوای لێبوردن بکەن ئەگینا هیچتان بۆ ناکەم.”

دەشڵێ: “ئەوەی سەیرە ئیستا باس لە لیژنەی دارایی دەکەن و گوایە دەسکەوتیان هەبووە کەچی هیچ پەرلەمانتارێکیشیان نییە لەو لیژنە ، باس لە زانیاری ناو کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکەن و هیچ ئەندامێکیان لەوێ نییە ، بەداخەوە ئەوەندە درۆیان کردووە و خەڵك بڕوای پێکردوون فێربوونە داهێنان دەکەن لە درۆ و چەواشەکاری.”

شاخەوان عەبدوڵڵا ئاماژەی بە ئەوەش داوە “ئێوە بۆ دەنگ و خۆڵکردنە چاوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان باسی پاشەکەوتی مووچە دەکەن ئەگەر راست دەکەن هەنگاوی کردەیی بنێن وەکو ئێمە کە چەند رۆژە خەریکی دابینکردنی پارەین بۆ ئەو بابەتە و نووسراویشمان کردووە هەوڵیشمان داوە ،بەڵێ من لە بەغدام نوێنەری میللەتێكم نابێ رێگە بدەم مافی گەلەکەم پێشێل بکرێت رۆژانە خەریکی ئەوەین چۆن مافە دەستوورییەکانمان بەدەست بهێنین و خەریکی رێگەگرتنیین لە تەعداکردن لە خەڵک و جووتیارانی ئێمە لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم ، ئێوەیش ئەوەی خودا پێ ناخۆشبێت و دژی میللەت و خاکی خۆتان بێت دەیکەن،لە كۆتاییدا دەڵێیم ئاین و کۆمەلڵگا و پەروەردەی خێزانی و حزبیم رێگەم پێنادات ئەوەی لەلامە لەسەر ئێوە بڵاوی بکەمەوە چونکە شتی زۆر قێزەون و ناشرینە.”

ھەواڵی زیاتر