بانكی ناوەندی عێراق لەبارەی مامەڵەکردن بە دینار و دۆلار ڕوونکردنەوە دەدات
بەرپرسێکی بانكی ناوەندی عێراق ئاشکرای کرد، دینار دراوی نیشتمانییە و پێویست ناكات مامەڵە لەگەڵ دۆلار بکرێت.
محەممەد یونس، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی وەبەرهێنان لە بانكی ناوەندی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: “ئامانج لە دەستپێكردنی سێ پاكێجە یەك لەدوای یەكەكە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە پاراستنی سەقامگیری نرخی ئاڵوگۆڕ و مامەڵەكردنە بە نرخی فەرمی، فرۆشتنەكەش لەڕێگەی پلاتفۆرمی فرۆشتنی نەختینەییەوە دەستیپێكرد.”
ئاماژەی بەوەشكرد: “ئێستا بانكی ناوەندی میكانیزمێك دەگرێتەبەر بۆ باشتركردنی ڕێكارەكان و ئاسانكاری بۆ گواستنەوەی حەواڵە و زاڵبوون بەسەر هەموو ئاستەنگییەكان.”
وتیشی: “بازرگانانی بچووك كە مافی ئەوەیان نییە بچنە ناو پلاتفۆرمەكەوە ئەوانەن كە دۆلار دەكڕن و بە نرخێكی هاوتەریب لە بازاڕ مامەڵەی پێوە دەكەن و فشار دەخەنە سەر و خواستێكی بۆ دروست دەكەن، سەبارەت بە كۆمپانیا بازرگانییەكان، ئەوان دەچنە ناو پلاتفۆرمەكەوە و گواستنەوەكانیان بە شێوەیەكی ئاسایی و بە نرخی فەرمی ئەنجام دەدەن.”