دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌باره‌ی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بڕیاری دا

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق: درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م بە نادەستوری لەقەلەمدا‌.

ئەمرۆ سێشەممە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایگەیاند: درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ساڵی پێنجه‌م بە نایاسایە و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی دوای ته‌واوبوونی چوار ساڵی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ بڕیاری پووچه‌ڵ هه‌ژمار ده‌كرێن.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌گوێره‌ی یاسای ژماره‌ 11ـی ساڵی 1992ـی هه‌مواركراوی ساڵی 2005، له‌ ده‌ستووری عێراق، ته‌مه‌نی هه‌ر خولێكی په‌رله‌مانی كوردستان نابێت له‌ 4 ساڵ زیاتر بێت و له‌ یه‌كه‌م دانیشتنی ساڵی یه‌كه‌می هه‌ر خولێكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات، تا دوایین دانیشتنی ساڵی چواره‌می ته‌مه‌نی، بۆیه‌ درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵی پێنجه‌م ناده‌ستوورییه‌ و هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ش كه‌ دوای ته‌واوبوونی ته‌مه‌نی یاسادانان لێیه‌وه‌ ده‌ركراون، به‌ پووچه‌ڵكراو داده‌نرێن.

لە کۆبوونەوەی 9/10/2022، پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی (درێژکردنەوەی تەمەنی) بە زۆرینەی دەنگ پەسندکرا، بەمەش خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ زیاتر لە ساڵێکی دیکە بەردەوام دەبێت. وەک لە پێشنیازەیاساکە هاتووە: خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان – عێراق، تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پاییزەی ساڵی 2023 لەسەرجەم کار و ئەرکەکانی بەردەوام دەبێت.

پێشتر چوار جار دادگای باڵای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر پرسی ده‌ستووریی بوونی درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ماوه‌ی ساڵێك، دانیشتنه‌كانی دواخستووە.

ھەواڵی زیاتر