لێدوانی نوێی وەزارەتی دارایی لەبارەی پاشەکەوتی مووچە

هونەر جەمال, وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “دەبێت ئەو لایەنانەی کە پێشتر و ئێستا لە کابینەی حکومەتدا بوون لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن و بەپێی قەبارەی خۆیان، خۆیان لە کێشەکان نەدزنەوە.”

هونەر جەمال وتیشی، ئەو 10٪ی پاشەکەوتەی مانگانە باسی دەکەن، پێویستی بە زیاتر لە 90 ملیار دینار و ساڵانە زیاتر لە یەک ترلیۆن دینارە، “ئەم پارەیە چۆن دابیندەکرێت؟”

سەبارەت بە پاشەکەوت و دیاریکردنی گەڕاندنەوەی 10٪ی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گۆڕانکاری تێدا کرا، هونەر جەمال دەڵێت، “بەبێ هیچ تەرخانکراوێک لە بوودجەدا چۆن جێبەجێ دەکرێ؟ یاخود لە گۆترە چۆن خەرجدەکرێت؟”

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بەپێی یاسای بودجە، هیچ پارەیەک خەرج ناکرێت ئەگەر تەرخانکراوی نەبێت و هیچ گواستنەوەی گوژمەیەک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە ناگوازرێتەوە ئەگەر بە دەق لە یاساکەدا نەهاتبێت، کە ئەمە لە پرۆژە یاسای بودجەی عێراقدا جێگیر کراوە و هەموو ساڵانی رابردووش هەروا بووە.

ھەواڵی زیاتر