وه‌زیری په‌روه‌رده مژده‌‌یەکی خۆشی ڕاگه‌یاند

وه‌زیری په‌روه‌رده ڕاگه‌یاند: چه‌ند ساڵێكی دیكه‌ قوتابییان له‌ قوتابخانه‌كان به‌ جۆرێكی تر وانه‌ ده‌خوێنن.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده ڕایگه‌یاند: جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایان، دەبێتە یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی وەرچەرخانی کەرتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، لە ڕووی بەرزکردنەوەی کوالێتی فێربوونه‌وه‌ ستراتیژێکی نوێیە، گشتگیرە، پچڕپچڕ نییە، درێژخایەنی حەوت ساڵییە، بە پلان دانراوە، راوێژی لەسەر کراوە و دادپەروەرانەیە بۆ هەموو مامۆستایانە.

پرۆژەی ستراتیژی ڕاهێنانی مامۆستایان، تەنیا هەر ڕاهێنان نییە و کۆتایی بێت، بەڵکو بە دواداچوونیشە لەسەر جێبەجێکردنی ئەو میتۆدە نوێیانەی وانە وتنەوە، هه‌روه‌ها هەڵسەنگاندنی مامۆستایانیشە لەسەر جێبەجێکردنی میتۆدە نوێیەکان. جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بە جێبەجێکردنی پڕۆژه‌كه‌ لە ساڵی خوێندنی داهاتووەوه‌ و تا چەند ساڵێکی دیکە (ئەندازەی کاریگەریی دیداکتیک لەسەر کارامەیی قوتابییان و خوێندکاران) گۆڕانێکی جۆری تێدا دروست دەبێت، كه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی ستراتیژی راهێنانی مامۆستایان، چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەست دەکەن منداڵان لە قوتابخانە حکوومییەکان بە جۆرێکی جیاوازتر وانە دەخوێنن.

ئالان حه‌مه‌ سه‌عید گوتیشی: ئەو میتۆدە کلاسیکییەی ئێستای وانەوتنەوەی کە بەمنداڵەکانمان دەوتریتەوە، دەگۆردرێت بۆ ئەو میتۆدانەی کە کار لەسەر فێربوون و فێربوونی بەرجەستە و بنەماکانی تیۆری مەعریفی دەکەن، کە دەبنە هۆی گەشەسەندنی جۆری سیستمی پەروەردە، دڵنیام چەند ساڵێکی نزیکی دیکە هەست دەکەین منداڵەکانمان لە قوتابخانە حکوومییەکان بە جۆرێکی جیاوازتر وانە دەخوێنن، ئاست و کارامەیی و تواناکانی مامۆستایان لە ئێستا زۆر جیاوازتر دەبێت، بۆ ئه‌مه‌ش کەمێک کاتمان دەوێ بۆ ئەم وەرچەرخانە گەورەیە.

گوتیشی: مامۆستای ڕاهێنەر زیاتر لە 40 کاتژمێر ڕاهێنانی تەنها لە یەک بوار وەرگرتووە و زیاتر لە 40 کاتژمێری دیکەش ئەرکی رۆژانەیان بەجێهێناوە و لە بوارەکانی دیکەی ناو ستراتیژی ڕاهێنان بۆ هەر بوارێک ڕاهێنانی تایبەت وەردەگرن، دەچنە ناو قوتابخانەکان و هەفتەی یەک بەشە وانە ڕاهێنان بە مامۆستایان دەکەن و بە شێوەیەکی سیستماتیک هەموو مامۆستایەک لە ساڵێکدا نزیکەی 30 کاتژمێر ڕاهێنان وەردەگرێت.

وه‌زیری په‌روه‌رده ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ مامۆستای ڕاهێنەر و مامۆستایان ڕێبەرایەتی ئەو وەرچەرخانە مەزنە دەکەن لە کەرتی خوێندنی حکوومیدا.

ھەواڵی زیاتر