بزووتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، پێشوازی و پاڵپشتیی لە بڕیاری پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ قەدەخەکردنی ماددە کحوولییەکان.
پێنجشەممە 18-05-2023 فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیێندراوێکی بڵاکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، پێشوازی و پاڵپشتی لە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەین لە بارەی قەدەخەکردنی مادە کحوولییەکان.
لە راگەیێندراوەکەی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیدا هاتووە “ئێمە لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان پێشوازی و پاڵپشتی لە بڕیاری قەدەخەکردنی مادە کحوولییەکان دەکەین کە رێگە نادات چیتر ئەم خواردنەوە سەرخۆشکەرەکان هاوردەی عێراق بکرێت، چونکە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا حەرامکراوە و بۆ تەندروستی مرۆڤیش خراپە و تووشی چەندین نەخۆشیان دەکات، هاوکات بەهۆی ئەم ماددە کحوولییانەوە ساڵانە چەندین تاوانی ناخهەژێن روودەدەن و چەندین منداڵ هەتیو دەبن و چەندین ئافرەت بێوەژن دەبن”.
فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەکات، “ساڵانەش پارەیەکی زۆر بەهۆی کڕینی ئەم مادە سەرخۆشکەرانە بەهەدەر دەڕوات و هیچ سوودێکیشی لێنابیندرێت، بەهۆی ماددە کحولییەکانەوە کێشەیەکی زۆر کەوتووەتە نێو خێزانەکان و چەندین ژن و مێرد لێک جیابوونەتەوە و شیرازەی خێزان تێکچووە. کار بۆ ئەوە دەکەین لە پەرلەمانی کوردستانیش بڕیارێکی لەو شێوەیە دەر بچێت”.