سەرۆک بارزانی: ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتەواییە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی ئایاری 2023، بە سەرپەرشتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی دەیان کەسایەتیی ئایینی و سیاسیی نێوخۆیی و بیانی، لە بارزان یادگەی نیشتمانیی بارزانی کرایەوە و، تێیدا سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.

پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی:

  • بەخێر بێن بۆ بارزان، ئەو گوندەی لە ڕووبەر بچووكە و دەوڵەمەندە بە مێژوو و خەبات و قوربانیدانەكانی لەپێناو ئازادی و كەرامەت.
  • ئەوەی لە بارزان سەری هەڵدا، بزووتنەوەیەكی ڕزگاریخوازی دیموكراتخواز بووە و كاریگەرییەكی یەكجار گەورەشی هەبووە.
  • ڕێبازی بارزان مانای ئەوە نییە كە هەر كەسێک لە ناوچەی بارزان بێت لەسەر ئەو ڕێبازەیە، بەڵكوو ڕێبازەكە فراوانتر و گەورەترە لەوە، هەر كەسێك بڕوای بەم بنەمایانە هەبێت، دەتوانین بڵیین پەیڕەوی ڕێبازی بارزانە، (خوداپەرستی و خوداناسی، مرۆڤدۆستی، دین ڕەوشتە، لە مرۆڤایەتیدا هەموومان برای یەكترین، دین و نیشتمان لە یەكتری جیا ناكرێنەوە، تێكۆشان لە دژی زۆرداران فەرزە، ژینگەپارێزی پێویستە، مافی ئافرەتان دەبێ پارێزراو بێت و قەدەغەکردنی بەشوودانی كچان بە زۆر و ژن بە ژن یان بەشوودانی بە نەخت).
  • ئێمە سەربەرزین، لە شۆڕشی ئەیلوول یەک كاری تیرۆریستی ئەنجام نەدرا، پەلاماری یەک هەدەفی مەدەنی نەدرا.
  • ڕێبازی بارزانی، ڕێبازی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتەواییە، ئەمەیە ڕێگەی راستە نەک خوێنڕشتن و كوشتن.
  • ئەم ڕێبازە ڕیشەی داكوتاوە، خەڵكەكە بە عەقیدە بۆ هیچ یەكێكی تر نەبووە، تەنیا بە عەقیدە بیروباوەڕێكی وایان لا دروست بوو كە بەڵێ مردن لەپێناو ئەم ڕێبازە زۆر زۆر ئاساییە.
  • ئێستا كەشوهەوایەكی زۆر زۆر لەبار هاتووەتە ئاراوە، ئێمە ئیرادەیەكی بەهێز و نیەتێكی پاک دەبینین.
  • ئومێدەوارین ئەم كەشوهەوایە و ئەم دۆخە خۆشە بەردەوام بێت بۆ چارەسەری هەموو گرفتەكانی تریش ئینشاڵڵا.
  • ئەم حزوورە گەورەیە دەلیلی ئەوەیە كە بارزان لە سەرووی حزبایەتیی تەسک و ئایدۆلۆژیایەكی موعەیەنە.
  • بەدەرفەتی دەزانم لێرەوە بانگەوازێكی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان بکەم كە لاپەڕەیەكی نوێ بكەنەوە.
  • نابێ چیتر خەریكی یەكترشكاندن بن، دەرفەتێكی باش هاتووەتە پێش، بە دژایەتیی یەكتری كەس هیچی دەست ناكەوێت، با عیبرەت لە ڕاپەڕین وەربگرین، ئەوەی بە حەفتا ساڵ ئەو هەموو خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان و خوێنە نەمانتوانی ئەنجامی بدەین بە حەوت ڕۆژ ئەنجام درا، كاتێک كە هەموو میللەتەكە بوو بە یەک موعجیزە دروست بوو، با ئەمە هەمیشە لەبەرچاومان بێ.
ھەواڵی زیاتر