بافڵ تاڵەبانی چالاکوانان دژی پارێزگاری هەڵەبجە هان دەدات

چەند ڕۆژێکە کۆکردنەوەی واژۆ بۆ لەسەر کار لادانی پارێزگاری هەڵەبجە دەستی پێ کردووە و چالاکوانە (یەکێتییەکان)، هەڵمەتێکی چڕیان دەست پێ کردووە.
دوای ئەوەی ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە حکومەتی عێراقی بە (کارتۆنی) وەسف کرد، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و خودی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی برای، بڕیاریان داوە پارێزگارەکەی هەڵەبجە دوور بخەنەوە، لە پێناو راگرتنی دڵی بەرپرسانی حکومەتی عێراق.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، بە فەرمانێکی حیزبی، داوای لە چالاکوانانی هەڵەبجە کردووە واژۆ بۆ دوورخستنەوەی ئازاد تۆفیق کۆ بکەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو کادر و ئەندامانی یەکێتی راسپێردراون کە واژۆ لەسەر داواکارییەکە بکەن بۆ ئەوەی زۆرترین پاڵپشتیی هەبێت.
باڵکێش زانیویەتی، ئێستا ئازاد تۆفیق، لە دۆخێکی ناهەمواری ئەمنیدایە، چونکە چەند رۆژێک بەر لە ئێستا تووشی نەخۆشییەکی لەناکاوی گوماناوی بوو، ئێستاش ترسی ئەوەی هەیە لەلایەن حیزبەکەیەوە تووشی رووداوێکی نەخوازراو ببێت.
هەرچەندە ئازاد تۆفیق، کادری یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بەڵام بەردەوام لە پرسە نیشتمانییەکاندا هەڵوێستی جیاوازی هەبووە و لە گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستاندا پاڵپشتی کارێکی تەواوی پرۆسەکە بوو، هەروەها بەرامبەر بە بڕینی قوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، هەڵوێستی هەبووە.
ئەم هەڵوێستانەی ئازاد تۆفیق، پێچەوانەی سیاسەتی ئێستای یەکێتیە، بۆیە سەرانی یەکێتی دەیانەوێ بە هەر جۆرێک بووبێت دووری بخەنەوە.

ھەواڵی زیاتر