دووەمین کۆبونەوەی لێژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو بەرێوەچوو

ڕۆژێ پێنج شەممە 2023/5/4 لە بەغدا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع السودانی و وەفدی باڵای هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق دووەمین کۆبونەوەی لێژنەی بالای نیشتیمانی ئاو بەرێوەچوو.

لە سەرەتایی کۆبوونەوەکە سەرۆک وەزیران زۆر بەگەرمی بەخێرهاتنی شاندی هەرێمی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادەبوونیان لە کۆبونەوەکە، کە تیایدا چەندین بابەت و تەوەری زۆر گرنگ تاوتوێکران بەتایبەتی :

دۆسیەی کەمبونەوەی ئاو و کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و رێککارەکانی پەیوەست بە پارێزگاری لە ئاسایشی ئاوی عێراق و بابەتی پیسبوونی ئاو و دروستکردنی بەنداوەکان و چاکسازی و سیانەکردنیان.

لە بەشی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان سەرنج و داواکاری و پێشنیارەکانی لە لایەن شاندی هەرێمی کوردستان، وەکو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لەو کۆبونەوەیە باسکرا، لە کۆبونەوەکەدا پێشوازی لە ناوەرۆکی داواکاریەکانی شاندی هەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی سەبارەت بە دانووسانەکان دەربارەی ستراتیژی ئاو لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ (ئێران و تورکیا) بۆ لە مەودوا نوێنەری ئێمەش لەگەڵ شاندی عێراقی بەشداری دیدار و کۆبونەوە گرنگەکان دەکات، هەروەها یەکلاکردنەوەی دروستکردنی چوار بەنداو لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی بۆ ئاسایشی ئاوی عێراق و هەرێم ،وە چاکسازی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان و قەرەبووکردنەوی ئەو ناوچانەی کە تووشی زەرەر و زیانبوون بەهۆی گۆڕانکاری و کاریگەرییەکانی ووشکەساڵی، بەتایبەتی ناوچەی گەرمیان و بەشێکی هەولێر و دهۆک، هەروەها چارەسەرکردنی پاشماوەی ئاوی پیس، کە بەشێکی دەچێتەوە سەر رێڕەوی رووبار و دەریاچەکان و دەبێتە هۆی پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.

ئەمانە و چەندین بابەتی تری پەیوەست بە دۆسیەی ئاوی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەیەوە کراو بڕیاردرا بۆ داهاتوو هەماهەنگی تەواو بکرێت، بە مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە لێژنەی باڵای نیشتیمانی ئاو.

ھەواڵی زیاتر