ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئایاری 2023، لەژێر سەرپەرشتیی و چاودێریی سەرۆک مەسعود بارزانی کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی جینۆسایدی گەلی کوردستان(جینۆسایدی کوردی فەیلی) لە شاری هەولێر دەستی بە کارەکانی کرد و تێیدا سەرۆک مەسعود بارزانی گوتارێکی پێشکەش کرد.
پوختەیەک لە گوتەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی:
- کوردانی فەیلی بەشێکی سەرەکین لە گەلی کورد، زۆر ئازایانە ڕووبەڕووی هەموو ئەو هەوڵانە بوونەوە کە لەپێناو سڕینەوەیان دران، پارێزگارییان لە ناسنامە و کەلتووری خۆیان کرد.
- خەباتکارانی فەیلی ڕۆڵی گەورەیان هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوول.
- فەیلییەکان ڕێز و تەقدیری بارزانییەکانیان هەیە، چونکە زۆر دڵسۆزانە لەپێناو کوردستان کاریان کردووە.
- فەیلییەکان ڕووبەڕووی نەهامەتی و کارەساتی زۆر بوونەتەوە، ڕژێم بە هەموو ئامراز و کەرەستەکانەوە هەوڵی دا بۆ ئەوەی لە هەڵوێستی نەتەوەیی باشی خۆیان لایان بدا، بەڵام ڕژێم شکستی هێنا.
- فەیلییەکان بەشێوەیەکی دڕندانە پاکتاو کران.
- چارەنووسی 12 هەزار کوردی فەیلی تا ئێستا نادیارە.
- لە ساڵی 1981 لە ناوچەی عەکاشات تاقیکردنەوەی کیمیایی کرا لەسەر 300 گەنجی فەیلی، دوای ئەوە هەمان پرۆسە بەسەر 150 گەنجی دیکەی بارزانییەکان کرا و ئەوانیش شەهید کران.
- جینۆسایدی فەیلییەکان لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە جینۆسایدانەیە کە بەرامبەر بە گەلی کوردستان کراوە.
- گەلی کوردستان ئەم تاوانانە لەیاد ناکات.
- گەلی کورد دەرفەتی تۆڵەکردنەوەی هەبوو، بەڵام لێبووردەیی نواند.
- گوتار و قسە تەنها بەس نین، بەڵکوو پێویستە بەدوای هەموو ڕێگەکان بگەڕێین بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەم جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە.
- هەموو قوربانییانی جینۆساید لە کوردستان بەتایبەت کوردانی فەیلی پێویستە قەرەبوو بکرێنەوە، قەرەبوویەکی دادپەروەرانە و سەرجەم مافەکانیان بۆ بگەڕێتەوە.
- لێرەوە پێشنیاری دروستکردنی ناوەندێک دەکەم لە هەولێر بۆ بەدواداچوونی کاروباری فەیلییەکان، هاوشێوەی مەرجەعێک بێت بۆ فەیلییەکان.