میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان هەواڵی هێرشکردنەسەر و سووتانی مزگەوت لە شنگال بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، ئەوە ئەخلاقی ئێمە و ئێزدیی نییە هێرش بکەینە سەر مزگەوت.
بەپێی چەند وێنە و ڤیدیۆیەک کە لەکاتی رووداوەکەدا و لە نزیک مزگەوتی رەحمان لە شنگال تۆمارکراون، دەردەکەوێت، ئاگرێک لە نزیک دیواری مزگەوتەکە کراوەتەوە و هێزە ئەمنییەکان بڵاوەیان پێکراوە. هاوکات چەند کەسێکیش بەرد دەگرنە مزگەوتەکە و بە شەق لە دەرگەکانی دەدەن.
لە راگەیێندراوەکەدا یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت، ئەوان دۆخەکە بە “مەترسیدار” دەبینن بۆ تێکدانی نێوان موسڵمان و ئێزدییەکان لە ناوچەکەدا. داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراقی و خۆجێیی نەینەوا دەکەن “ئەو تاوانبارانە دەستگیر بكەن و رێگە بە هیچ فیتنەیێک نەدەن ببێتە هۆکاری دروستبوونی گرژی یان تێکدانی دۆخی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان.”
بەڵام میری ئێزدییان دەڵێت، کاتێک داعش هێرشی سەر شنگال و ئێزدییەکانی کردووە و موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. جەخت دەکاتەوە: “ئەوە لە ئەخلاقی ئێزدییەکان و میری ئێزدییدا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر. فەرماندەی فیرقەی شنگالیش جەختیکردووەتەوە کە هیچ مزگەوتێک نەسووتێندراوە.”