ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند،“زیاتر لە 17 هەزار مۆڵەتی خانوو و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی لە شاری هەولێردا دراونەتە هاووڵاتییان”
راشیگەیاند، لە ماوەی چوار ساڵی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ساڵەكانی (2019 تا 31/12/2022) لە هەر سێ سێكتەری نیشتەجێبوون و باڵەخانەی بازرگانی و پیشەسازی، لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە زیاتر لە 17 هەزار مۆڵەت لە سەنتەری شاری هەولێر دراونەتە هاووڵاتییان، كە پێكهاتوون لە 15996 مۆڵەتی خانوو، 1549 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی، 158 مۆڵەتی پیشەسازی.
ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشبەختانە مۆڵەتەكان لە ماوەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتدا لە بەرزبوونەوەدان و بەپێی ساڵ و سێكتەرەكانیش بەم جۆرە دابەش كراون: لە ساڵی 2019 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 3869 مۆڵەتی خانوو و 446 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 36 مۆڵەتی پیشەسازی لەلایەن شارەوانییەوە دراونەتە هاووڵاتییان، كۆی مۆڵەتانەكان لەم ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4351 مۆڵەت.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2020 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 3723 مۆڵەتی خانوو و 331 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 26 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەم ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4080 مۆڵەت.
لە ساڵی 2021 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 4156 مۆڵەتی خانوو و 449 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 37 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، كۆی ئەو مۆڵەتانە لەو ساڵەدا لە هەر سێ سێكتەردا بریتییە لە 4642 مۆڵەت.
لە ساڵی 2022 لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، 4248 مۆڵەتی خانوو و 323 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 59 مۆڵەتی پیشەسازی دراوە، واتە لە هەر سێ سێكتەردا 4630 مۆڵەت دراونەتە هاووڵاتییان.
بە گشتی لە ماوەی هەر چوار ساڵی كابینەی نۆیەمدا، 15996 مۆڵەتی خانوو، 1549 مۆڵەتی باڵەخانەی بازرگانی و 158 مۆڵەتی پیشەسازی دراونەتە هاووڵاتییان، واتە كۆی مۆڵەتەكان لەسەر ئاستی هەر سێ سێكتەرەکە بریتییە لە 17،703 مۆڵەت.
شایەنی باسە لە ساڵی 2019وە، ژمارەی مۆڵەتەكان ساڵ لە دوای ساڵ بەرزبووەتەوە، ئەوەش ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی و باشبوونی بارودۆخی داراییی هاووڵاتییان و بڕوا و متمانەیان بۆ بونیادنان و جێگیربوون و ئاوەدانکردنەوە، هەروەها ئاماژەی گرنگە بۆ بووژانەوەی شار کە ئەویش كاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی ژمارەكان هەبووە. ئەم ئەنجامەش بەرهەمی ئەو سیاسەتە دروستەیە كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری و ڕێنماییە بەردەوامەکانی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ باشتركردنی بارودۆخی هاووڵاتییان و بووژانەوەی شارەكان لە هەوڵی بەردەوامدا بووە.
هەروەها ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بوارەكانی مۆڵەتدان و پلانسازی و نەخشەدانی ئاوەدانی لەم سێ ساڵەدا یەكێك بووە لە ئامانجە گرنگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بۆ ئەو مەبەستەش لەم ساڵانەی کارکردنیدا چەندین بەرزەفتە و ڕێنمایی و ڕێكاری تایبەت بە پەرەپێدانی ئەو بوارانە دەركردووە. بۆیە پێشبینی دەكەین لە داهاتوودا بەجێبەجێکردنیان، ئەنجامەکانی باشتر دەربكەوێت و زیاتر کاریگەری لەسەر ژینگەی بیناسازی و بووژانەوەی ئابووری و باشتركردنی ژینگەی ژیان و كار و تەندروستی و كوالێتی بنیادنان لە هەرێمی كوردستاندا دەربکەوێت.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر