پارێزگاری هەولێر ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، بە سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێر، لەلایەن لیژنەى ئەمنى پارێزگای هەولێر بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
ئاماری گشتیی ژمارەى هاتنى گەشتیار و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵیش، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پێویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمەجگە لە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە (63 هەزار و 592) گەشتیار.
دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
سێیەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی هێزە ئەمنییەکان، بە بەشداری سەرجەم هێزەکان لە هەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (24) تاوان تۆمارکراوە، (20) تاوان ئاشکراکراوە، (4) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (4) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (3) کەس برینداربون و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستدا.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (7) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
وێڕای دەستخۆشیمان لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و سەرجەم هێزە ئەمنیەکان و ئاسایشى بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قائیمقامیەت و ناحییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، جارێکی تر هاوڵاتییانی خۆشەویستی هەولێر دڵنییا دەکەینەوە، وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین و بەهەموو توانایەکمانەوە بەپشت بەستن بە توانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکانی ناوخۆ، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2023.4.25