خۆپیشاندەرانی بەغدا هێرشدەکەنە سەر ئەفسەرێکی کورد

ژمارەیەک خۆپیشاندەر لە بەغدا بە گەلەکۆمەک هێرشدەکەنە سەر ئەفسەرێکی کوردی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراقی و لێی دەدەن، هەرچەندە ئەفسەرە کوردەکە چەکی پێیە و دەتوانێت بە تەقە بڵاوەیان پێبکات، بەڵام ئەو کارە ناکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ژمارەیەک خۆپیشاندەر ڕژانە سەر شەقامەکانی بەغدا و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە نوێنەکردنەوەی گرێبەستە کاتییەکەیان دەردەبڕی و شەقامێکی سەرەکییان داخست، بەڵام بۆ کردنەوەی رێگاکە مەفرەزەیەکی هێزی ئەمنی دەچێتە شوێنەکە و دواتر خۆپیشاندەران رووبەڕوویان دەبنەوە و لە ئەفسەرێکی کورد دەدەن.

هاوکات لیوا سەعد مەعن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی ناوخۆ رێگە بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە دەدات، بەڵام پیاوی ئەمنی مافی خۆیی هەیە، پارێزگاریکردنیش لە کەرامەت و مافەکانی پیاوی ئەمنی یەکێکە لە داخوازییەکانی دەوڵەت، بۆیە وەزارەتی ناوخۆ رێوشوێنی یاسایی خۆی دەگرێتەبەر و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکدەهێنێت.

هەروەها هێمن باجەڵان، ئەندامی کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراقی بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، ئەوەی بەرامبەر بەو ئەفسەرە کراوە، پێشێلکارییە دژ بە مافی مرۆڤ، پێویستە هێرشکاران سزا بدرێن، چونکە ئەفسەرەکە زۆر خۆڕاگربووە و تەنانەت لەکاتێکیشدا لێی دەدرێت ئامادە نییە تەقە لە خۆپیشاندەران بکات.

بەگوێرەی یاسای ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی ھەمواركراوی سزادانی عێراق، هەرکەسێک هێرشبکاتە سەر کارمەندەی ئەمنی یان ناوی بزڕێنێت، بە بەندکردن لە یەک ساڵەوە بۆ حەوت ساڵ سزا دەدرێت.

ھەواڵی زیاتر