وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی 100 مەتر لە هێزەکانی ئەمریکا و فەرماندەی گشتیی هەسەدە دووربووە. دەشڵێت “ئێستا سێنتکۆم لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات”.
پاتریک رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا -پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەوەی کە ئەرکی هێزەکانیان چی بووە لە گەشتەکەیاندا لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە، گوتی: “ئەو گەشتەشیان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعشدا بووە و هێزەکانی ئەمریکا و هێزە نێوخۆییە هاوبەشەکانمان لە عێراق و سووریان لە چوارچێوەی شەڕی دژی داعش شەڕدەکەن”.
پاتریک گوتیشی کە “دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و زیاتر لە 100 مەتر لە کاروانەکە دوور بووە.” لەبارەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەش، گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی: ئێستا فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا – سێنتکۆم لێلکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، “هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە”، بەڵام دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.