بەھۆی لافاوەوە، لە سنوری پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانی، چەندین ماڵ و شوێنی گەشتیاری و دوکان و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە.
بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی بەرگری شارستانی لە خەبات بەھۆی لافاوەکەی شەوی رابردوو، لانیکەم ٣٠ دوکان لە ناوچەی پیشەسازی و ١٥ ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
وتەبێژی بەرگری شارستانی دھۆک ڕایگەیاند، لە پارێزگای دھۆکیش لافاو زیانی بە ماڵ و دوکانی ھاووڵاتیان گەیاندووە، بەجۆرێک لە قەزای شێخان ١٥ ماڵ، لە ئامێدیش ١٦ ماڵ و چوار ئۆتۆمبێل بەھۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە سنوری قەزای ئاکرێش دەیان ماڵ لە ھەردوو گەڕەکی شۆڕش و ئاڵا زیانیان بەرکەوتووە، ھەروەھا لافاو و بارانبارینی زۆر زیانی بە ھاوینەھەواری سیپا و تەکیەی شێخ عەبدولعەزیزی گەیلانی گەیاندووە.
لەسنوری پارێزگای سلێمانیش بەھۆی شەپۆلی بارانبارینەوە ژمارەیەک ماڵ و دوکان و ئۆتۆمبێلی ھاوڵاتیان زیانیان بەرکەوت و لە چەند شوێنێکیشدا ئاستەنگی ھاتووچۆ دروستبوو.