ماڕلین 1926-1962 کە ئایکۆنی جوانیە، تەنها 36 ساڵ ژیا، ئەو هەرچەندە دەنگی زۆرخۆش نەبوو بەڵام کرا بەگۆرانیێژ و نزیکەی 30 گۆرانی تۆمارکرد، سەرباری ئەوەشی ئاستی نواندنی بەرز نەبوو بەڵام بەشداری 29 فلیمی کرد و فیلمەکانی 200 ملیۆن دۆلاری پەیاکرد “بەهەڵسەنگاندی ئەمڕۆ نزیکەی 2 ملیار دۆلارە”.
ماڕلین ئاستی خوێندەواری بەرزنەبوو، ژیانی مناڵی و هەرزەکاری دوور لەدایک و باوک و دوور لە سۆزی خێزان بەسەربردوە، بەڵام لەپڕ لەتەمەنی 21 ساڵیەوە کەوتە ناو مەکینەی هۆڵیودەوەو بوو بە ئەستێرەی بێ رکابەی سینەما بەڵام وەک پڕۆژەیەکی هونەری تەواو نەکراو مایەوە.
ماڕلین بەرهەمێکی “سەرکەوتوی” پیشەسازی ئەستێرەسازی هۆڵیود بوو، ژیانی بەشێوەیەکی زیاد لەپێویست و خێرا گۆڕا، بەڵام سادەیی ناوەوەی وەک خۆی مابۆوە، هەر بۆیە ژیانی لەنێوان ساکاری ناوەوەی و شوهرەی دەرەوەیدا دوولەت بوو، مەکینەی پڕوپاگەندەیی هۆڵیود ئەوەندەی فوپیاکرد تەقی، ئەوەندەیان لەسەر ئەستێرەیی ئەو بنیادنا تا ڕمـا.
ئەستێرەسازی هۆڵیود بەئەندازەیەک ژیانی ئەم خانمە ڕۆح سوکەی ڕوناککردەوە، تاوەکو پنتێکی تایبەتی نەما، بوو بەهاوکێشەیەکی زانراو و مەتەڵێکی هەڵهێنراو، ئیتر نەپارە نەشوهرە نەهاوڕێیەتی هیچیان کۆمەکیان بەڕاز و لاواندنەوەی برینەکانی نەئەکرد.
ماڕلین کەتێکڕای ساڵی 1962 ناڕەحەت و شپرز بوو، 5 ئابی ئەو ساڵە کەچوە ژوورەکەی خۆی نەهاتەوە دەرێ بە جەنازەیی نەبێ..
تا ئەمڕۆش لێکۆڵینەوەو فیلم و دۆکیومێنتەری لەسەر نهێنی مردنی ئەم خانمە بەردەوامە.
توانا عوسمان