گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەینێت، رێککەوتن هەموو کاتێک باش بووە، ئەم رێککەوتنەش ئەم نیەتە بووە کە سەرۆکوەزیران لە یەکەم رۆژی دەسبەکاربوونی کابینەکەی رایگەیاندووە، هەروەها گشت مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراوە.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەم کاتەدا پێویست بوو بۆ هەرێمی کوردستان لەپێناو سەقامگیری زیاتر، بە تایبەت لە بواری وزە کە لە ماوەی رابردوو حکومەتی عێراقی بە رێگای سیاسی و یاسایی فشارێکی زۆری خستبووە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، کێشەی بۆ کارکردنیان دروستکردبوو.
وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، جگە لەوەی حکومەتی عێراقی فشاری لەسەر کۆمپانیاکان دەکرد، پەرەپێدانی کێڵگەکانی نەوتیش بە سیستی کاری لەسەر دەکرا و هەندێک کۆمپانیا نزیک بوون تووشی زیان بن و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، بۆیە ئەم رێککەوتنە لە کاتێکی وەک ئێستا باشترین کاری سەرۆکوەزیران بوو بۆ تێپەربوون لەم بارودۆخە، بەو رێککەوتنە هەردوولا سوودمەند بوون.
پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەشکرد، لەم رێککەوتنە کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشی ئەرێنی هەبوو لە بەرژەوەندی هەردوولا، بۆیە هەولێر و بەغدا جددی بوون لەسەر جێبەجێکردنی، بۆیە ئەم رێککەوتنە بە مانای تەسلیمبوون نایەت، بەڵکو لەپێناو بەرەژەوندی گشتی، هەردوولا رازیبوون لەسەر ئەو لێکتێگەشتنە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
پێشەوا هەورامانی ئەوەشی روونکردەوە، لایەنەکانی دیکە لە سەرەتاوە داوای رێککەوتنیان نەدەکرد، بەڵکو داوای تەسلیمبوونیان دەکرد بە بەغدا، بەڵام سەرۆکوەزیران لەپێناو تەسلیم نەبوون بە بەغدا و زامن کردنی مافەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەم رێککەوتنەی ئەنجامدا، رێککەوتن بە واتای تەسلیم بوون نایەت بەڵکو بە واتای لێکتێگەشتن دێت لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.
رۆژی (سێشەممە 4ی نیسان/ ئێپڕڵی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لێکرا، پاشان بە ئامادەبوونی هەردوولا لە رێوڕەسمێکدا رێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدراڵی واژووکرا.
k24