ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا دەخاتەڕوو.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی 5ـی نیسانی 2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆدەبێتەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، دەرەنجامی سەردان و گفتوگۆکانی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا دەخرێتە ڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی رەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی تەندروستی، بە مەبەستی تاووتوێکردن و پەسەندکردنی.
بابەتی بەرزیی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ، وێڕای دابەزینی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دیناری عێراقی، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو.