مەسرور بارزانی لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ئەمڕۆ بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدرال بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی كۆبووینەوە .

گفتوگۆمان لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال كرد، هەروەها ڕێككەوتین لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ، كە رێككەوتنێكی كاتییە تا پەسەندكردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدرال یان یاسای نەوت و غاز.

جەختمان لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە وەك خۆی و لە نزیكترین دەرفەتدا کردەوە تاوەكوو ببێتە بنەمایەك لەپێناو پتەوكردنی گیانی هاوبەشی و قووڵكردنەوەی متمانە لەنێوان هەردوولادا.

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی فیدرال، هیوای خواست كە ڕێككەوتنەكە ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و گوتی بەرژەوەندیمان لە جێبەجێكردنی دەستوور و پاراستنی بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەكانە.

هەروەها گوتی كە ئەم ڕێككەوتنە، دەبێتە بنەمایەك بۆ جێبەجێكردنی هەردوو یاسای بودجەی گشتیی فیدرال و یاسای نەوت و غازی فیدرال بە گیانێكی هاوبەش، پاش پەسەندکردنیان.

دواتر لە ڕێوڕەسمێکدا ، ڕێككەوتنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە نێوان هەردوولا واژۆ کرا .

پاشان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا باسمان لە وردەكاریی ڕێككەوتنەكە كرد و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانمان دایەوە.

بڕیارە بەپێی ڕێککەوتنەکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە دەست پێ بکاتەوە.

ھەواڵی زیاتر