بە گەرمی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد دەکەم لەسەر فرۆشتنی نەوتی هەرێم، ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵمان بۆ دەدا و بانگەشەمان بۆ دەکرد، فشارمان دەکرد لە پێناو چارەسەرکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان و دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و تیمی حکومەتی ئەوکاتی پارتی و یەکێتیی بەربەستیان درووستدەکرد و جدی نەبوون بۆ گەیشتن بەو رێککەوتنە، خۆشبەختانە ئەمرۆ ئەو هەوڵانە هاتنە بەرهەم، دواجار ئەمرۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق رێککەوتن، بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکەم، دەستخۆشی لە بەڕێزان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکەم کە بڕیارە دروستەکەیاندا، بۆیە پێویستە هەمووان دەستخۆشی لە هەموو کارێکی باش بکەین، ئەم رێککەوتنە لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە و گرنگی خۆی هەیە و دەبێتە بەردی بناغەی چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی دەستوردا، داهاتی نەوت زیاتر دەبێت، شەرعیەتی یاسایی فرۆشتنی نەوت زیاتر دەکات، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە بێ هیچ ترس و دڵەراوکێییەک دەتوانن بەشداربن لە پرۆسەی دەرهێنانی نەوت لە کوردستان، هەرچەندە رێککەوتنەکە کاتییە، بەڵام دەبێتە بنەمایەکی گرنگ بۆ پرۆژە یاسای بودجەی گشتی، هیوادارم هەردوولا بە بایەخەوە ناوەرۆکی رێککەوتنەکە جێبەجێبکەن و پێوەی پابەندبن، هەنگاوێکیش بێت بەرەو رێککەوتنی کۆتایی و درێژخایەن لە نێوان هەردوولادا.
چەندین ساڵە فرۆشتنی نەوت بۆتە نەهامەتی بۆ خەڵکی کوردستان، بەڵکو لەچوارچێوەی ئەم رێکەوتنەدا نەوت ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی، هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکترین کاتدا کار بۆ گەڕانەوەی موچە پاشەکەوت کراوەکانی فەرمانبەران بکات و متمانە دروست بێتەوە لە نێوان خەڵک و فەرمانبەران لەگەڵ حکومەتدا، هەوڵی بەگەڕخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بدرێت و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان و گەنجانی هەرێمەکەمان دابین بکرێت.
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان