ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لە چۆنیەتیی دابەشکردنی مووچە دەدات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە چۆنیەتی دابەشکردنی مووچە بدات.

ڕۆژی چوارشەممە 2020/8/12 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداریی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.

دەقی راگەێندراوەکە.

ئەنجومەنی وەزیران لە کاتێکدا هەوڵەکانی شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی هەڵدەسەنگێنێ، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی دەستووریی و قانونی و دارایی نەهێشتووەتەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و لە پێناو دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، هەموو مەرجەکانی حکومەتی فیدراڵی کە لە چوارچێوەی دەستووردان قبوڵ کردووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی فیدراڵی زیاتر لە سێ مانگە ئامادە نییە هیچ بڕە پارەیەک وەک مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت کە ئەمەش وای کردووە حکومەتی ھەرێم، نەتوانێت شایستەی دارایی مووچەخۆرانی خۆی خەرج بکات، بەم هۆیەوە دۆخ و گوزەرانێکی نالەبار بۆ مووچەخۆرانی ھەرێم دروست بووە، سەرەڕای ناھەمواریی بارودۆخی تەندروستی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا بەرکارەکانی عێراق،  ھەرێم ھاوشێوەی بەشەکانی دیکەی عێراق، مافی خۆیەتی ئەو بەشە مووچەیەی کە بۆی خەرج دەکرا وەریبگرێت و پێویستە جیاوازی لە نێوان ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق نەکرێ لە خەرجکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران کە ئەمەش دەستووری عێراق وەک بنەما جێگیری کردووە.

بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە تووندی نیگەرانیی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر بەو هەڵوێستە نەرێنییەی حکومەتی فیدراڵی دەردەبڕێت و داوا دەکات بە دەنگ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت و کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات و ڕێز لە  ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و پابەندبوونە دەستوورییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات. ئەنجومەنی وەزیران لە ھەمانکاتدا ئامادەیی خۆی بۆ چارەسەری کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دەستوور دووپات دەکاتەوە و شاندی باڵای دانووستانکاریشی ڕاسپارد درێژە بە دانووستانەکان بدەن لە پێناوی گەیشتن بە ڕێکەوتن بە تایبەتیش کە لە ماوەی ڕابووردوو ھەرێم ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ جێبەجێکردنی پابەندییە دەستووریەکانی لە بواری نەوت و دارایی و ئەوە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵیە لە بەرامبەردا ماف وشایستەی دارایی ھەرێم ڕانەگرێت. هەروەها داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و وەزیر و نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە داکۆکی لە ماف و شایستە دارایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەن. 

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لە سەرەتای حەفتەی داهاتووەوە بڕیار لە میکانیزم و چۆنێتی دابەشکردنی مووچە بدات بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت بە پێی ئەو توانا داراییەی لە بەر دەستە.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها هەردوو وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد، بەداواداچوون بۆ گرفت و کێشەی دەروازە سنوورییەکان بکەن لە پێناو ڕێگریکردن لە هەر سەرپێچی و کارێکی نایاسایی کە لەو دەروازانە ئەنجام بدرێت.

ھەواڵی زیاتر