زۆربەی چارەخوازە ئازیزەكانم، ئەوانەی كە نەخۆشی شەقیقەیان ھەیە، كە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دێت تووشی ترس و دڵەڕاوكێ دەبن لەوەی كەسەرئێشەكەیان لەوانەیە زیاد بكات یاخود بگەڕێتەوە. لەڕووی زانستییەوە زۆر ڕاستە كە لەكاتی ڕۆژووبوندا ئازاری نەخۆشی شەقیقە و ئازاری لایەكی سەر زیاد دەكات. توێژینەوەكان سەلماندویانە ئەوانەی بۆ زیاتر لە (١٤)كاتژمێر بە ڕۆژوو دەبن، ئەگەری توشبوونیان بەئازاری لایەكی سەر زیاترە لەوانەی ماوەی ڕۆژووبونەكەیان كەمترە.
ھۆكاری زیادبوونی سەر ئێشەی شەقیقە لە ڕەمەزاندا دەگەڕێتەوە بۆ :
١- وشكبوونەوەی لەش بەھۆی كەمخواردنەوەی ئاو .
٢- بەرزبونەوەی فشاری خوێن.
٣- كەمخەوی و تێكچوونی كاتی خەو لە ڕەمەزاندا
٤- دابەزینی ڕێژەی شەكر لە لەشدا .
٥- گۆڕانكاری لە كاتی خواردنی چارەسەرەكاندا.
چ كاتێك نەخۆشێكی شەقیقە دەتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟
— لەكاتێكدا كە نۆبەی سەرئێشەكە كۆنتڕۆڵكراوەو بە ڕێژەیەكی كەم دێت لە مانگێكدا . كەتەنیا سێ چوار جار نەخۆشەكە تووشی دەبێت.
— سەرئێشەی شەقیقەكە تەنیا لەھەندێك حاڵەتی دەگمەندا دەردەكەوێت و ئەویش بە ئاسانی كۆنتڕۆڵ دەكرێت.
چ كاتێك ناتوانێت بە ڕۆژوو بێت ؟
— ئەو كەسانەی لە دەجار زیاتر لە مانگێكدا تووشی سەرئێشە دەبن و بەشێوەیەكی ناڕێك تووش دەبن.
— ئەو كەسانەی سەر ئێشەی ھێشووی (cluster headache)كە پێی دەوترێت سەر ئێشەی عنقودیان لەگەڵدایە .
چ كاتێك دەبێت ڕۆژووەكە بوەستێنرێت ؟
— زیادكردنی نەوبەی سەرئێشەكە و جاری توشبونی لەگەڵ نەمانی توانای كۆنتڕۆڵكردنی.
— ئەگەر سەرئێشەكە نیشانەی تری لەگەڵدا بوو، وەك سكچوون و تا و ڕشانەوە . ئەوكات پێویستە ڕای پزیشكەكەت وەربگریت و ڕۆژووەكەت بوەستێنی .
چەند ئامۆژگارییەك بۆ كاتی بەربانگ :
١- ڕێژەیەكی زۆر ئاو بخۆ لەنێوان (٨-١٢)پەرداخ ئاو بە لایەنی كەمەوە.
٢- دووربكەوە لەو خواردنانەی كەلەوانەیە سەرئێشەكە دروست بكەن، وەكو : ئایس كریم و مۆتا، پەنیر ، ساردەمەنیەكان …ھتد.
٣- ڕێكخستنی كاتی ژەمەكان و ڕێكخستنی كاتی خەو لە ڕەمەزاندا.
٤- كەمكردنەوەی بەكارھێنانی بەھارات و خوێ و تەوابل و بۆنخۆشكەرەكان بۆ ناوخۆراك.
٥- كەمكردنەوەی شیرینیەكان و ئیشی ھەویر، خواردنە چەورەكان كەڕێژەی چەورییان بەرزە.
٦- ئەو خواردن و خواردنەوانە كەمبكەرەوە كە ڕێژەیەكی زۆر كافاینیان تیادایە، وەكو خواردنەوە گازییەكان ، نەستەلە ، چا و قاوە …ھتد.
٧- مەچۆرە بەر خۆر و وەرزش مەكە لە كاتی ڕۆژدا .
٨- دووربكەوە لە جگەرە كێشان و نێرگەلە لەكاتی دوای بەربانگدا .
٩- دەتوانیت ڕۆژانە بەشێوەیەكی ڕێك وەرزش بكەیت لە دوای بەربانگ.
چەند ئامۆژگارییەك بۆ كاتی پارشێو :
١- بەڕێژەیەكی زۆر ئاو بخۆرەوە .
٢- تا دەتوانیت ژەمی پارشێو دوابخە بۆ نزیك كاتی بانگی بەیانی .
٣- ئەو چارەسەرانەی بۆت نوسراوە لە كاتی بەربانگدا بیخۆ، پێش دەستكردن بە ڕۆژوو گرتن.
٤- دوور بكەوە لە خواردنی سوێر و شیرینی زۆر.
٥- دوور بكەوە لەھەر خواردنێك كە دەزانیت لەوانەیە سەرئێشەكەت زیادبكات وەكۆ : پەنیر ، مۆز، شوكوڵاتە …ھتد.
٦- دووربكەوە لە فاست فوود و خواردنە ئامادەكراو سوركراوەكان.
٧- ئەو خواردنانە بخۆ كە كاربۆھیدراتە ئاڵۆزەكانی تیادایە و ھەستی تێربوون دەبەخشن وەكو : دانەوێڵە تەواوەكانی وەكو؛ ئاردی بۆر ، برنجی بۆر ، ھەندێك سەوزەی وەكو : پەتاتە، بەزالیای سەوز ، بروكلی، سپێناغ، پیاز، سیر ، لەھەندێك میوەی وەكو : توو، كیوی ، ھەناریشدا ھەیە .
٨- ئەو خواردنانە بخۆ كە ڕێژەیەكی زۆر پۆتاسێۆم و مەگنیسێۆم و ڤیتامین (بی ) یان تیادایە وەكو : خورما ، چەرەزاتەكان و بەتایبەت ناوكە كولەكە، شەوەفان …ھتد .
د. هەڤین كەمال شاه محمد
پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج
شارەزا لە چارەسەری فەقەرات و نەخۆشی جومگەكان بێ نەشتەرگەری
ئەندامی پڕۆڤیشناڵی ئەكادیمیایی ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن