جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان رایدەگەیێنێت، داوایان لە حکومەتەکانی تورکیا و عێراق کردووە بەردەوامی بە هەناردەکردنی نەوت بدەن.
ڤێدانت پاتێل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە لەوەش تێدەگەین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێک. وەکو ئەوەی لە مانگی شوباتدا باس کرا، عێراق و ئەمریکا کۆمیسیۆنێکیان لە واشنتن پێکهێناوە، بەرپرسانی ئەمریکا داوا لە بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەن کێشەی بودجە و هایدرۆکارۆبۆن چارەسەر بکەن تاوەکو سوود بە عێراقییەکان بگەیێنن.”
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان و راپۆرتەکەی فۆرین پۆڵەسی کە کۆنسوڵی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی لینکیدئین ـی خۆی شەیری کردبوو و دواتر رەشی کردبووەوە، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: “عێراق و هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی ستراتیجی ئێمەن. ئێمە بەرپرسیارێتییەکی درێژخایەنمان بۆ ئەم هەرێمە هەیە.”
جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پۆستەکەی کۆنسوڵی ئەمریکای نەبینیوە لە سۆشیاڵمیدیا.