وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو تاوەکو 2023/4/21 درێژكراوەتەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ئاگەدارییەكدا بۆ هاوبەشانی ئاو رایگەیاند، دوای ئەوەی لەسەر داوای وەزارەتیان و لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتییان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی بەستنی پێوەری ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تا ئێستا پێوەریان نەبەستووە، بۆ ئەو مەبەستەش ئێستا بنكەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان لە پێشوازیی هاوبەشانی ئاودا دەبن بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەی بەستنی پێوەری ئاو.
وەزارەتەکە چەند روونكردنەوەیەكیش لەبارەی ماوەی ئەنجامدانی مامەڵەكە و نرخەكەی دەدات لەوانە:
1- بەستنی پێوەری ئاو لە سەنتەری شارە گەورەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە 20 هەزار دینار.
2- بەستنی پێوەر لە قەزا و ناحیە و كۆمەڵگەكانی دەرەوەی شارەكان لە 80 هەزارەوە كراوەتە تەنیا 10 هەزار دینار.
3- فەرمانگەكانی تایبەتمەند بە بەستنی پێوەری ئاو، بەهەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاوبەشانی ئاو دەكەن بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی نوێكراوەتەوە لێی سوودمەندبن.
4- پێویستە ئەو هاوبەشانەی پێوەریان نەبەستووە تا 2023/4/21 مامەڵەی بەستنی پێوەر بكەن، دوای ئەو ماوەیەی دیاریكراوە، ناتوانن لە داشكاندنەكە سوودمەندبن.
5- بڕیارەكە چەند جارێكی دیكە لەبەر بەرژەوەندیی هاوڵاتییان نوێكراوەتەوە و لە دوای 2023/4/21 چیتر نوێ ناكرێتەوە.