هەولێر.. لە 10 رۆژدا 61 هەزار کەس سەردانی سنوورەکەیان کردووە

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری رۆژانی پێش جەژنی نەورۆز و سێ رۆژی نەورۆزی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لە ماوەی 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگاکەیان کردووە. پارێزگاری هەولێریش دەڵێت، هەر رووداوێک لەو ماوەیەدا روویدابێت تۆمەتبارەکانی دەستگیرکراون.

لە راگەیێندراوێکدا کە بەناوی نووسینگەی پارێزگاری هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، بەگوێرەی ئامادەکاری و پلانی پێشوازیکردن لە نەورۆزی ئەمساڵ، سەرجەم کار و چالاکییەکانی 10 رۆژەی 13ـەمین فێستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز بە سەرکەوتوویی ئەنجامدران.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “سێ رۆژی جەژنی نەورۆزیش پلان و ئامادەکارییەکان چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی لە پێناو پاراستنی ئارامی، ئاسایشی شار، سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، دابینکردنی هاتووچۆیەکی ئاسوودە و سەلامەت لە چوونە سەیران، پابەندبوونی هاووڵاتییان بە پاراستنی ژینگە لە سەیرانگە و شوێنە گشتیەکان وەک خۆی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێ کرا.”

بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە ماوەی 10 رۆژدا 61 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەو بارەوە وتی: “لە رۆژانی جەژنی نەورۆزدا رووداو روویانداوە، بەڵام هەموو ئەو رووداوانە تۆمەتبارەکانیان دەستگیرکراون و لەبەردەم یاسادان، بەتایبەتی ئێوارەی 20ـی مانگ کە شۆفێرێکی تەکسی کوژرا، دوای چەند کاتژمێرێک ئەنجامدەرەکەی لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکرا.”

ھەواڵی زیاتر