ئەمڕۆ دووشەممە 2023/3/20 مەولود چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا، پەیامێكی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی ئاراستەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە و بە دەستەواژەی “دۆستی قەدرگرانم” پەیامەكەی دەست پێ كردووە.
لە پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی توركیادا هاتووە: “بەڕێز سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، دۆستی قەدرگرانم، لەگەڵ ژیانەوەی سروشت، لە ناخی هەستەكانمەوە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزت لێ دەكەم، كە هۆكارێكە بۆ سەوزكردنی هیواكانمان و پتەوكردنی برایەتیی نێوانمان.”
چاوشئۆغلو نووسیویەتی: “نەورۆز بە درێژایی مێژوو، رەنگدانەوەی مرۆڤەكان بووە بۆ تێگەیشتنیان لە ژیان لەگەڵ سروشتدا، لەگەڵ ئەوەی سیمبۆلی دووبارە نوێبوونەوە و ژیانەوەیە لە هەمان كاتیشدا سیمبۆلی هاودەنگی و خۆشبەختیە، ئێمە سەرقاڵی سارێژكردنی بریندارەكانی كارەساتی بوومەلەرزەین كە چەقەكەی شاری كەهرەمان مەراش بوو لە شەشی شوباتی 2023، بۆیە لە وڵاتەكەمان بە خەمناكییەوە پێشوازی لە جەژنی نەورۆز دەكەین.”
لە درێژەی پەیامەكەدا هاتووە: “ئەو رۆژەی وەكو موژدەبەخشی بەهار پیرۆز دەكرێت، لە هەمان كاتیشدا ساتی پتەوكردنی هەستی یەكبوون و پێكەوەیی و هاوسۆزییە، جگە لەوەی دەمەوێت سوپاستان بكەم كە دوابەدوای كارەساتی بوومەلەرزە ئازاربەخشەكەی وڵاتەكەمان، لە نزیكەوە هەموو هێمای ئەو هەستە بەرزانەی نەورۆزتان بۆ ئێمە دەربڕی.”
وەزیری دەرەوی تورکیا لە كۆتاییشدا دەڵێ: “بەم بۆنەیەوە هیوای ئاشتی و خۆشگوزەرانیی بۆ وڵاتەكەمان و گشت جیهان دەخوازم، هیوای تەندروستیی باش و خۆشبەختی و سەلامەتی بۆ كەسایەتی بەڕێزتان و خەڵكی هەرێمی دۆستمان دەخوازم.”