دەقی پەیامەکەی
“لەهەوڵدام بۆ کۆدەنگی لەگەڵ ههموو جوڵانهوه سیاسییهكان”
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سی و دووهەمین ساڵرۆژی راپەڕین و رزگارکردنی شاری کەرکوک جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان لێدەکەم، ئومێدەوارم ئەم دوو بۆنەیە ببێتەمایەی خۆشی و ئاسودەیی و تێپەڕاندنی هەموو ناخۆشی و ئاڵنگارییەکان، هاووڵاتیانیش بەخۆشی و ئاسودەیی رۆژانی جەژن بەسەرببەن.
هەر بە بۆنەی دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، داوا لە هەموو دڵسۆزان و خەڵکە تيکۆشەرەکەی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان دەکەم لەپێناو گەڕانەوەی شکۆ بۆ ئەو ناوچانەو ئاسوودەکردنی ڕۆحی شەهیدەکان و پارێزگاریکردن لە ئازادی و بەها باڵاکان و دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین لەم هەڵبژاردنەدا لە ئێستاوە خۆیان سازبدەن تا بەشداری کارایان هەبێت و کەسانی پاک و بەتوانا هەڵبژێرن کە مەبەستیان خزمەتکردنی راستەقینەی خەڵکە و بەرگریی لە خاک و ناسنامەیان دەکەن، نەک کەسانێک کە ساڵانێکە بەناوی ئەوانەوە خەریکی گەندەڵی و دۆشینی سەروەت و سامانی کەرکوک و کەرکوییەکانن و خۆیان کردووە بە بەرپرس، بەڵام لە ئاست کێشە و گرفتەکان و خزمەتکردنی شارەکە خۆیان بە بەرپرسیار نەزانیوە و تەنانەت ئامادەشنین لە شارەکەدا بمێننەوە.
ئەم هەڵبژاردنە گرنگ و چارەنوسسازە، هەر وەک چۆن لە رابردوود لەگەڵ ئێش و ئازارەکانی خەڵکەکەیدابووین، ئاواش لەم هەڵبژاردنەدا بە ئەرکی خۆمی دەزانم بەهەموو توانامەوە پشتیوانتانبم، لە ئێستاشدا لەهەوڵدام بۆ کۆدەنگی لەگەڵ ههموو جوڵانهوه سیاسییهكان و هەر هێزێکی سیاسی کە ئامانجی بنیادنانهوهی کەرکوکە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتیمانیی دەنگی کورد بکەینەوە بە یەکەم و سەرکەوتن بۆ کەرکوک و ناوچەجيناکۆکەکان تۆمار بکەین، لەو رێگەیەشەوە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ خەڵکە تێکۆشەرەکەی دابین بکەین و هیوا و ئومێد بۆ گەنجەکان بگەڕێنینەوە.
دووبارە جەژنی نەورۆز و ساڵرۆژی راپەرینی کەرکوکتان پیرۆزبيت
لاهور شێخ جەنگی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان