وەزارەتی دارایی دۆسیەی ٤١٨٩ فەرمانبەرو خانەنشین ڕەوانەی دیوانی چاودێری دارایی دەکات کە بەشێوەی نایاسایی دوو مووچەیان هەبووە
بەپێی بڕیاری کۆتایی لیژنەی وردبینی و لێکۆڵینەوەی تایبەت بەلیستی فەرمانبەران و خانەنشینان کە ژمارەیان ( ١٠٨١٩ ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە مووچەخۆر بوو، لە سیستەمی بایۆمەتری دووجار یان زیاتر تۆمارکراون.
دوای تەواوکردنی ڕێکارەکانی یەکلایی کردنەوەی ناوی ئەو مووچەخۆرانەی کە دوو مووچەیان هەیە لەلایەن لیژنەی تایبەتمەند، لە کۆی ( ١٠٨١٩ ) دە هەزارو هەشت سەدو نۆزدە دۆسیەی دوو مووچەیی، دەرکەوت کە ( ٤١٨٩ ) چوار هەزارو سەدو هەشتا و نۆ دۆسیەیان بەنایاسایی دوو مووچەیان هەبووە بەپێی ڕیزبەندی.
١-١٩٧٣ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی خانەنشینیان وەرگرتووە.
٢-١٨٤٩ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەری و خانەشینیان وەرگرتووە.
٣-٣٦٧ کەس بەنایاسایی دوو مووچەی فەرمانبەریان وەرگرتووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری دۆسیەی سەرجەم ئەو مووچە خۆرە نایاساییانە بە داتاو زانیاری تەواو ئاڕاستەی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەکات تا لە ڕێگای دەستەکانیانەوە ووردبینی لە ڕێکارەکانی بڕین و گێڕانەوەی ئەو بڕە مووچانە بکەن کەلە دوای ( ٢٠٢٠/٧/١ ) بەدواوە بە نایاسایی وەرگیراوە، پێویستە بەزوترین کات لێیان وەربگیرێتەوەو بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.