ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بڕیارە لە یەکەم بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، وەک لە راگەیێندراوی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، ئەنجامی سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بخرێتەڕوو.
رۆژی سێشەممە 14-03-2023، محەممەد شیاع سوودانی سەردانی هەولێری کرد و بە جیا لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و رێگەچارەی کێشەکان خرایەڕوو؛هەروەها دۆخی عێراق بەگشتی باسی لێوەکرا.
دوای کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە له كۆكردنهوهی لایهنهكان و پهیوهندییهكانی لهگهڵ هێز و لایهنه سیاسییهكان و پێكهاتهكانی عێراق و ههوڵ و ههنگاوهكانی بۆ تهبایی و لێکتێگەیشتن.
هاوکات محەممەد شیاع سوودانی دووپاتی كردووەتەوە، سهقامگیری و ئاسایش و پێشكهوتنی عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، پێكهوه گرێدراوه.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە هەنگاوەکانی پەسندکردنی یاسای بودجەی گشتی عێراق و لە دوایین بڕگەدا دۆخی دارایی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لێوە دەکرێت.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی و کۆبوونەوەیەکی پێنج کاژێریی ئەنجوومەنی وەزیران، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رۆژی دووشەممە 13-3-2023 وردەکاریی پەسندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی خستەڕوو، کە بۆ ماوەی سێ ساڵە.
بودجەکە گەورەترینە و هەر دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، رەوانەی پەرلەمان کرا.
بودجەی ئەمساڵی عێراق بەپێی رەشنووسی یاساکەی 197 تریلیۆن و 828 ملیار دینارە؛ بودجەی بەکارخستن زیاتر لە 150 تریلیۆن دینارە و بودجەی وەبەرهێنانیش زیاتر لە 47 تریلیۆن و نیوە؛ کورتهێنانی بودجەش زیاتر لە 63 تریلیۆن و 275 ملیار دینارە. پشکی هەرێمی کوردستان لە کۆی بودجەکەدا 12.6% دەبێت، کە دەکاتە زیاتر لە 24 ترلیۆن دینار.