ئێران 22 هەزار کەسی دەستگیرکراو، ئازاد دەکات

بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، غوڵامحسێن موحسینی ئێژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران ڕۆژی دووشەممە 2023/3/13 ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی دادوەری ئێران لێخۆشبوونی بۆ ٢٢ هەزار کەس دەرکردووە کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت کردووە.

میدیاکانی سەر بە ئێران لە سەرەتای مانگی ڕابردوودا ڕایانگەیاند کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە “دەیان هەزار” زیندانی خۆش بووە کە هەندێکیان لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکراون.

ئێژەیی وتی: “تا ئێستا 82 هەزار کەس لێبوردنتیان بۆ دەرکراوە، لەنێویاندا 22 هەزار کەس بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە.”

ناوبراو ئاماژەی بەوە نەکردووە کە لە چ ماوەیەکدا لێخۆشبوونەکان دراوە.

ئێران لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی رەوشتی ئەو وڵاتە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردووەوە، ناڕەزایەتییەکان وڵاتەکەی گرتووەتەوە.

ئێرانییەکان لە هەموو چین و توێژەکان بەشدارییان کردووە و یەکێک لە بوێرترین تەحەددیاتەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ەوە.

ھەواڵی زیاتر