پاش ئەوەی کەسێک تووشی تەنگەنەفەسی دەبێت، دەچێتە یەکێک لە نۆرینگەکانی بەردەڕەش و دەرزییەکی لێدەدرێت و بەهۆیەوە گیانلەدەست دەدات.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی (ئیسماعیل محەمەد ئەمین)ـەو تەمەنی 64 ساڵە.
نەشوان بەرزنجی، وتەبێژی تەندروستی بەردەرەش رایگەیاند، ئەم حاڵەتە لەنێو نۆرینگەیێکی دەرەوەی نەخۆشخانە حکومییەکاندا درووستبووە.
وتیشی:”هێشتا دیار نییە کە هۆکاری سەرەکی مردنەکەی دەرزیە یان شتێکی دیکەیە و ئەم حاڵەتە لە دوای بڕیاری پزیشکی دادی دهوک یەکلادەبێتەوە”.
عەمید سەعید ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسەیان دەستگیرکردووە کە دەرزی لەو کەسە داوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە.
بە وتەی بەڕێوبەری پۆلیسی بەردەڕەش، ئەو کەسەی کە مردووە دەرزییەکی لە جۆری “ئەمۆکسیلین” لەگەڵ خۆی بردووە و چووەتە نۆرینگەکە و لای پەرستارێک و داوای کردووە ئەو دەرزییەی بۆ لێ بدەن، دواتر بەوهۆیەوە تەندروستی تێکچووە و گیانی لەدەستداوە.
دواتر تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادی دهۆک.