مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی مارس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە میکێلێ کامێرۆتا کونسولی ئیتالیا لە هەولێر ئامادە بوو ، دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە و برەودانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتالیا تاوتوێ کرا.
تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە ، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان . لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە ، کە پێویستە لە کاتێکی گونجاوی ئەمساڵدا ، هەلبژاردن ئەنجام بدرێت و نابێت چیتر دوا بخرێت .
باڵیۆزی ئیتالیا ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و کارکردن لە پێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و مافەکانی ئافرەتان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بە تایبەتی.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی بنەڕەتی دووپات کرایەوە.

ھەواڵی زیاتر